پاریزگارى هه‌ولێر له‌باره‌ى بارودۆخى ئه‌منى كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى سازكرد

هەواڵ / کوردستان :: 30/09/2018‌ :: 704‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
پارێزگارى هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرى رابردوودا له‌ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌پێى ئه‌و پلانه‌ى دانراوه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمیش به‌ڕووى هاووڵاتیان و گه‌شتیاراندا كراونه‌ته‌وه‌.

نه‌وزاد هادى، پاریِزگارى هه‌ولێر و سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئه‌منى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ پارێزگاى هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30ی ئه‌یلولی 2018 له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "فڕۆكه‌خانه‌كان به‌ڕووى هاووڵاتیان و گه‌شتیاراندا كراوه‌ن، به‌ڵام  تا کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئەیلولی 2018، هاتوچۆکردن لە نێوان پارێزگاکان قەدەغەیە".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: تائێستا پلانى ئه‌منى به‌ باشى به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ ئێستاشدا ژوورێكى عه‌مه‌لیاتیان له‌ پارێزگاى هه‌ولێر پێكهێناوه‌ له‌ نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بۆ ڕوودانى هه‌ر حاڵه‌تێكى له‌ ناكاو، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ بڕیار و رێكاره‌كانى كۆمسیۆن و لیژنه‌ى ئه‌منى  پابەند بن له‌پێناو سه‌لامه‌تى پڕۆسه‌كه‌.

ڕوونیشیكرده‌وه‌: پشتگیرى له‌ بڕیارى كۆمسیۆن له‌ باره‌ى به‌كارهێنانى ڕه‌گه‌زنامه‌ و ناسنامه‌ى بارى شارستانى به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌موو ده‌نگده‌رێكى هه‌رێم ده‌توانێت ئه‌و چوار به‌ڵگه‌نامه‌یەی لێى داواكراوه‌ هه‌یه‌تى و نابێت بكرێته‌ كێشه‌ى سیاسى.

وتیشى: "بازگەی نێوان پارێزگاکان داخراوه‌، نەک بازگەی نێوان سەنتەری پارێزگا و شارۆچکەکان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure