بۆچوونی چاودێرانی (UN) لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 30/09/2018‌ :: 768‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە نزیكەوە سەردانی بنكەكانی دەنگدانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەی كرد و دڵنیایی دایە هاوڵاتیان و دەنگدەران كە تا كۆتایی پرۆسەكە چاودێری دەنگدانی گشتی دەكەن، هاوكات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیشدا بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەی لە هەڵەبجە بە سەركەوتوو لە قەڵەمدا.


لە كۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەكەدا ئەلیس وەڵتەر، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی ئاماژەی بەوەكرد، هەرچەندە ئێمە ناتوانین هیچ بڕیارێك دەربكەین و ڕێنمایی كۆمیسیۆن بكەین بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكەیان، بەڵام وەك تیمێكی گەڕۆك لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و چەند شارێكی تری كوردستان، لە نزیكەوە چاودێری پرۆسەی دەنگدانی گشتیمان دەستپێكردووە و بڕیاریشمانداوە كە تا كۆتایی پرۆسەكە بە وردی چاودێری بكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە دواتر هەڵسەنگاندنی خۆمان ڕادەگەیەنین هاوكات ئەوەی تا ئێستا دەگوزەرێت و لەگەڵ چاودێرانی لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی قسەمان كردووە، پرۆسەكە لە ئاستێكی باشدا بەڕێوە دەچێت.

نوێنەرەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی دەنگدان ئەوەشی وت: "لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین بۆ ئەوەی هەوڵبدەین كەمترین گرفت و كێشە بۆ بەڕێوە چوونی پرۆسەكە دروست ببێت و هاوڵاتیانیش بۆخۆیان ئازادن دەنگ بەكێ‌ دەدەن،  ئێمە دواتر هەڵسەنگاندنی خۆمان بۆ كۆی گشتی پرۆسەكە ڕادەگەیەنین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure