هەڵەبجە: دەنگدانی گشتی دەستیپێکرد و زیاتر لە 66 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە

هەواڵ / کوردستانی :: 30/09/2018‌ :: 162‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
كاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ 30ی ئەیلولی 2018 لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی دەستیپێكرد، بۆ ئەو مەبەستەش 38 بنكەی دەنگدان بە رووی دەنگدەراندا كراوەتەوە كە لە 132 وێستگەی دەنگدان پێكدێن و زیاتر لە 66 هەزار كەسیش مافی دەنگدانیان هەیە و پرۆسەكەش تا كاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوامدەبێت.

حەمە سەعید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی هەڵەبجەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ بۆیەكەمجار لە مێژووی هەڵەبجەدا وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ هاووڵاتیان دەتوانن بەشداری پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی ئاسانكارییەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسە دیموكراتییە ڕەخساندوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە كاتژمێر 8ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆوە سەرجەم بنكەكانی دەنگدان كە ژمارەیان 38 بنكەی دەنگدانە و 138 وێستگە لە خۆدەگرن، بە رووی دەنگدەراندا كراونەتەوە، هاوكات لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەش بە ناحیەكانی خورماڵ، سیروان،  بەمۆ و بیارەوە، 66 هەزار و 16 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە.  

بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی هەڵەبجەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەوەشی وت: "نوێنەری قەوارە و لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لەگەڵ چاودێرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی چاودێری پڕۆسەكە دەكەن، هاوكات پێنج ناوەندی دەنگدانیش تایبەت كراوە بۆ راگەیاندنەكان، هاوكات هێزەكانی پۆلیس ئەركی پاراستنی بنكە و وێستگەكانی دەنگدانیان پێ سپێردراوە و پڕۆسەكەش تا كاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوامدەبێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure