ئێران لەبارەی تمەن-ەوە بڕیارێکی نوێی دەرکرد

هەواڵ / ئابوری :: 29/09/2018‌ :: 13836‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ته‌له‌ڤزیۆنى رەسمى ئێران رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 29ی ئەیلولی 2018 له‌ بڕیارێكدا حكومه‌ت بانكى ناوه‌ندى سه‌رپشك كرد، بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌ بازاڕه‌كانى دراوى بیانى بۆ پاڵپشتیكردنى تمەن، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو به‌هاكه‌ى بۆ ئاستێكى پێوانه‌یى دابه‌زى. 


به‌پێى بڕیاره‌كه‌، ده‌سته‌یەكى باڵاى حكومى به‌سه‌رۆكایه‌تى حه‌سەن رۆحانى  و ئه‌ندامێتى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتى داده‌وه‌رى، بڕیاریدا به‌: "ده‌سه‌ڵاتدان به‌ بانكى ناوه‌ندى ئێران له‌كاتى پێویستدا ده‌ستوه‌ربداته‌ بازاڕه‌كانى دراوى بیانى و میكانیزمه‌كانى به‌ڕێوه‌بردنى".

له‌ بڕیاره‌كه‌دا هاتووه‌: "بانكى ناوه‌ندى له‌ڕێگه‌ى بانك و نوسینگه‌كانى ئاڵوگۆڕى دراوه‌وه‌ رێوشوێنه‌كانى كۆنترۆڵكردنى نرخى گۆڕینه‌وه‌ى دراو جێبه‌جێده‌كات".

ئەوەشخراوەتەڕوو کە: "بانكى ناوه‌ندى له‌ كاتى گونجاودا نرخى گۆڕینه‌وه‌ى دراوى بیانى بڵاوده‌كاته‌وه‌".

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو به‌هاى تمەن به‌رامبه‌ر دۆلار، به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو هاته‌خواره‌وه‌، دۆلارێك بە 19.200 تمه‌ن مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، ئه‌وه‌ش نزمترین ئاسته‌ له‌ مێژوودا دراوى ئێرانى به‌هۆى سزاكانى ئه‌مریكا به‌خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت.

ده‌سته‌ى باڵاى حكومه‌تى ئێران بڕیاریشیدا: به‌ مۆڵه‌تدان به‌ نوسینگه‌كانى ئاڵۆگۆڕى دراو كه‌ دراوى بیانى هاورده‌ بكه‌ن، هه‌نارده‌كارانی ده‌ره‌وه‌ى كه‌رتى نه‌وتیشى ناچاركرد، له‌ ماوه‌ى سێ مانگدا قازانجه‌كانیان به‌دراوى بیانى بهێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ و سه‌رمایه‌گوزاریكردن و فرۆشتنى له‌ بازاڕه‌ لاوه‌كییه‌كاندا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure