زانیاری لەسەر کەمکردنی داهاتی فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى

هەواڵ / ئابوری :: 29/09/2018‌ :: 1069‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سامان قوبادى
به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى ئاشكرایده‌كات: پێش راگرتنى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان رۆژانه‌ 7 هه‌زار دۆلار داهاتمان هەبوو، به‌ڵام ئێستا زۆربه‌ى ئه‌و داهاته‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر ده‌ڕوات، به‌رپرسێكیش له‌ كۆمپانیایه‌كى فڕۆكه‌وانى ده‌ڵێت: "پێشتر هه‌فتانه‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌، 800 گه‌شتیار له‌ڕێگه‌ى هێڵكانمانه‌وه‌ گه‌شتیان بۆ توركیا و ئه‌وروپا ده‌كرد". 


تاهیر عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ یه‌ك ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر راگرتنى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانى عێراقه‌وه‌، دواى پێنج مانگ و نیو به‌غدا بڕیاریدا به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گه‌شته‌كان، به‌داخه‌وه‌ وێڕاى ئه‌مه‌ حكومه‌تى توركیا گه‌مارۆى له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى هه‌ڵنه‌گرتووه‌، به‌راورد بە کاتی پێش راگرتنى گه‌شته‌كان  ژماره‌ى گه‌شته‌كان و گه‌شتیاران له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانییه‌وه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كى به‌ره‌چاو كه‌مى كردووه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى وتیشى: "پێش بڕیاره‌كه‌ى به‌غدا هه‌فتانه‌  25 گه‌شتى ڕۆشتوومان هه‌بوو له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانییه‌وه‌ بۆ توركیا، جگه‌ له‌وه‌ش 5 گه‌شتمان هه‌بوو بۆ ئه‌وروپا، سه‌رجه‌میان وه‌ستێنراون و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێره‌وه‌ گه‌شتده‌كه‌ن، به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو 45%ى گه‌شته‌كانمان كه‌میكردووه‌".

به‌پێى وته‌ى ناوبراو پێشتر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانییه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ هێڵه‌كانى توركیش ئێرلاین، ئه‌تڵه‌س گڵۆباڵ، پێگه‌سۆس و هێڵى ئاسمانى ئه‌ڵمانیا گه‌شته‌كانیان له‌ سلێمانییه‌وه‌ ئه‌نجامده‌دا.

تاهیر عه‌بدوڵڵا، سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌ مادییه‌كان كه‌ به‌هۆى راگرتنى گه‌شته‌كانه‌وه‌ کە له‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كه‌وتووه‌، وتى: "زیانى ماددى گه‌وره‌ به‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى كه‌وتووه‌ و داهاتى كه‌میكردوه‌، جگه‌له‌وه‌ هاووڵاتییان پێویسته‌ بۆ گه‌شته‌كانیان بچن بۆ هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش خه‌رجییه‌كى زۆره‌ بۆ گه‌شتیاران، بازرگان، خاوه‌نكار، هۆتێل، خواردنگه‌ و تاكسییه‌كانى سلێمانى-یش زیانى زۆریان به‌ركه‌وتووه‌، تا پێش 25ى ئەیلولى 2017 رۆژانه‌ 1500 كه‌س فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانییان به‌كارده‌هێنا بۆ گه‌شتكردن، ساڵى ڕابردوو پێش بڕیاره‌كه‌ رۆژانه‌ 37 هه‌زار دۆلار داهاتمان هه‌بوو، ئه‌مساڵ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌ڕێژه‌ى 40% كه‌مى كردووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ داهاته‌كه‌ زۆربه‌ى بۆ فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر ده‌چێت".

به‌و پێیه‌ى پێشتر فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى رۆژانه‌ 37 هه‌زار دۆلار داهاتى بووه‌، به‌هۆى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانه‌وه‌، به‌م پێیه‌ ساڵانه‌ داهاتى فڕۆكه‌خانه‌كه‌ 11 ملیۆن و 320 هه‌زار دۆلار بووه‌ كه‌ به‌هۆى گه‌شتكردنه‌وه‌ به‌ده‌ستى هێناوه‌.

شكار به‌كر، بریكار له‌ كۆمپانیاى ئه‌تڵه‌س گڵۆباڵ کە سەر بە کۆمپانیای (ئەزمر ئێر)ە بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "پێشتر هه‌فتانه‌ دوو گه‌شتى ئه‌ڵمانیامان له‌ سلێمانییه‌وه‌ هه‌بوو، له‌گه‌ڵ 5 گه‌شتى ئیستانبوڵ به‌ هێڵى ئه‌تڵه‌س گڵۆباڵ بچوكترین فڕۆكه‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌ 148 گه‌شتیارى هه‌ڵدەگرت، به‌ڵام هه‌ر گه‌شتێكمان زیاتر له‌ 100 گه‌شتیار بوو، هه‌فتانه‌ 500 گه‌شتیاریمان ده‌گواسته‌وه‌ به‌ هێڵى ئه‌تڵه‌س گڵۆباڵ، به‌هێڵى ئه‌وروپا هه‌فته‌ى 300 گه‌شتیارمان هه‌بوو، واته‌ 800 گه‌شتیارمان له‌ سلێمانییه‌وه‌ هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا سه‌رجه‌م گه‌شته‌كانمان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێره‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت".

باسى له‌وه‌شكرد: كه‌ تكتى هه‌ردوو سه‌رى گه‌شته‌كانى ئه‌تڵه‌س بۆ توركیا زۆربه‌ى كات 600 دۆلار بووه‌، نه‌مانى گه‌شته‌كان له‌ سلێمانییه‌وه‌ وه‌كو ئه‌زمڕ ئێر زیانى پێگه‌یشتووە، چونكه‌ خزمه‌تگوزارى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى كۆمپانیاى ئه‌زمه‌ڕ ئێر دابینى ده‌كات، جگه‌له‌وه‌ رۆژانه‌ به‌هۆى چوونى گه‌شتیارانى سلێمانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر توشى رووداوى هاتوچۆ ده‌بن و خه‌رجى زۆرتریان له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت، هه‌وره‌ها تكتى فڕۆكه‌ش گرانتره‌، بۆیه‌ ئه‌و داهاته‌ى پێشتر به‌هۆى گه‌شته‌كانه‌وه‌ بۆ سلێمانى بوو ئێستا ئه‌و داهاته‌ بۆ هه‌ولێره‌.

هه‌ر له‌باره‌ى زیانه‌كانى نه‌مانى گه‌شته‌كانى سلێمانى مه‌حمود تۆفیق، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى میوانخانه‌ و چێشتخانه‌كانى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "ماوه‌ى ساڵێكه‌ به‌هۆى راگرتنى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییەکان به‌تایبه‌ت بۆ توركیا كاریگه‌ریى زۆرى هه‌بووە له‌سه‌ر هۆتێل و خواردنگه‌كانى سلێمانى، پێشتر بازاڕ به‌هۆى گه‌شتیارانى فڕۆكه‌خانه‌وه‌ زۆر بوژابوه‌وه‌، به‌ڵام به‌ زۆرى راگرتنى گه‌شته‌كان كاریگه‌ریى له‌سه‌ر هۆتێله‌ 4 و 5 ئه‌ستێره‌كان هه‌بووه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە