ئێران وه‌ڵامی تۆمه‌ته‌كانی ئه‌مریكا ده‌داته‌وە

هەواڵ / عێراق :: 29/09/2018‌ :: 224‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئه‌مریكا پاش داخستنی كونسڵخانەكه‌ی له‌ به‌سره‌ خستوویه‌تیه‌ پاڵ تاران ناڕاستن. 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 29ی ئه‌یلولی 2018، به‌هرام قاسمی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ سایتی وه‌زاره‌ته‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: "ئێمه‌ ئیدانه‌ی ئه‌و بانگه‌شانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كردوویه‌تیه‌ به‌هانه‌ی داخستنی كونسڵخانه‌كه‌ی له‌ به‌سره‌، ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ ره‌تده‌كەینه‌وه‌ و ناراستن". 

قاسمی ده‌شڵێت: "كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر هێرشێك ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ بكرێته‌ سه‌ر دیپلۆماسییه‌كان و شوێنه‌ دیپلۆماسییه‌كان له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهاندابن". 

جه‌ختی له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌: "پڕوپاگه‌نده‌ درۆینه‌كانی واشنتن دژ به‌ ئێران و هێزه‌ عێراقییه‌كان ناڕاستن". 

 

ئه‌مڕۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا كونسڵخانه‌ى خۆى له‌ شارى به‌سڕه‌ى باشورى عێراق داخست و سه‌رجه‌م كارمه‌نده‌كانى گواسته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌پاش ئه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ر بووه‌ كه‌ واشنتن، ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ى له‌پشت ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌وه‌ بووه‌.

هیزه‌ر ناوێرت، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ئاشكرایكرد: كه‌ مایك پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ فه‌رمانى داوه‌ به‌ داخستنى كونسڵخانه‌كه‌یان له‌شارى به‌سڕه‌ و گواستنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رەكانى.
 
وتیشى: "ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى كه‌ كونسڵخانه‌كه‌ له‌ به‌سڕه‌ پێشكه‌شی ده‌كرد له‌مه‌ودوا له‌ باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ به‌غدا پێشكه‌شده‌كرێن".

 پێشتر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ئاشكرایكرد: كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانیان له‌ عێراق زیادیكردووه‌ و سه‌رچاوەكه‌ى ئێران، سوپاى قودس، پاسداران و ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌یه‌ كه‌ سه‌ر به‌ تارانن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure