بگره‌وبه‌رده‌ى پۆستى سه‌ركۆمار له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى-دا

هەواڵ / کوردستان :: 29/09/2018‌ :: 14304‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
هه‌رچه‌نده‌ ته‌نیا سێ رۆژى ماوه‌ بۆ دیاریكردنى سه‌ركۆمارى ئاینده‌ى عێراق كه‌ پشكى كورده‌، به‌ڵام هێشتا حیزبه‌ كوردییه‌كان، به‌تایبه‌تى یه‌كێتى و پارتى، نه‌یانتوانیووه‌ له‌و رووه‌وه‌ بگه‌نه‌ سازشێك.

تازه‌ترین هه‌ڵوێستى پارتى دواى په‌یامه‌كه‌ى بارزانى، هه‌ڵوێستى وشیار سیوه‌یلى لێپرسراوى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان-ه‌ كه‌ چه‌ند رێگه‌چاره‌یه‌كى پێشنیار كردووه‌ و گرنگترینیان ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتى به‌ربژێره‌كه‌ى خۆى بگۆڕێت كه‌ دكتۆر به‌رهه‌م-ه‌.

دكتۆر به‌رهه‌م-یش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا پێداگریى خۆیى له‌سه‌ر به‌ربژێربوون دووپات ده‌كاته‌وه‌.

دواڕۆژ، بۆ ده‌ستكه‌وتنى زانیاریى ده‌رباره‌ى تازه‌ترین هه‌ڵوێست، په‌یوه‌ندیى به‌ چاودێرێكى سیاسییه‌وه‌ كرد و ئه‌ویش به‌مه‌رجى ئه‌وه‌ى ناوى نه‌هێنرێت وتى: "یه‌كێتى تا ئه‌م چركه‌ساته‌یش پابه‌نده‌ به‌ به‌رژێركردنى دكتۆ به‌رهه‌م ساڵح-ه‌وه‌، به‌ڵام مه‌حاڵیش نییه‌ له‌پێناو رازیكردنى پارتیدا به‌ربژێره‌كه‌ى بگۆڕێت به‌كاندیدێكى تر".

چاودێره‌كه‌ ئه‌وه‌یشى به‌ دواڕۆژ وت: "به‌هه‌موو پێوه‌رێك، به‌ربژێره‌كه‌ى ترى یه‌كێتى هه‌ر دكتۆر محه‌مه‌د سابیر ده‌بێت كه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى ئه‌زموونێكى زۆرى له‌ بوارى دیپلۆماسى و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا هه‌یه‌، له‌ ده‌نگدانه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى-شدا (15) ده‌نگى هێنا و ئه‌و چانسى له‌ به‌ربژێره‌كه‌ى تر زیاتره‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى یه‌ك ده‌نگى پێدا".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure