لە دەڤەری سۆران زیاتر لە 15 هەزار دەنگدەری تایبەت هەیە

هەواڵ / کوردستان :: 28/09/2018‌ :: 161‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 
لە سنوری هەرچوار قەزاكەی دەڤەری سۆران هەشت بنكە بەڕووی 15375هەزار دەنگدەری تایبەت كراوەتەوەو تا ئێستاش هیچ پێشلكارییەك تۆمار نەكراوە. 

شوان فەریق بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی سۆرانی كۆمسۆنی سەربەخۆی ڕاپرسی و هەڵبژاردنەكان بە دواڕۆژی وت: "لە سنوری هەر چوار قەزاكەی دەڤەری سۆران كە بریتین لە سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگەسۆر 15375 كەس لە هێزە تایبەتەكان مافی دەنگانیان هەیە و تاكو ئێستاش پڕۆسەكە بە شێوەیەكی باش بەڕێوە دەچێت". 

ئاماژەی بەوەشدا: لە سنوری قەزای سۆران پێنج بنكە كراوەتەوە كە چواریان لە سەنتەری شارن و یەكێكیشیان لە ناحیەی سیدەكان بەڕووی دەنگدەرانی تایبەت كراوەتەوە و لەكۆی هەر پێنج بنكەكەش  29وێستگەی دەنگدان هەیە. 

باسی لەوەشكرد: لە چۆمانیش یەك بنكە و چوار وێستگەی دەنگدان كراوەتەوە و لە ڕواندزیش یەك بنكە و چوار وێستگە و لە مێرگەسۆریش یەك بنكە و پێنج وێستگەی دەنگدان بەڕووی دەنگدەران كراوەتەوە. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure