هەولێر: پێشێلکاری لە پرۆسەی دەنگدان تۆمارکرا

هەواڵ / کوردستان :: 28/09/2018‌ :: 346‌ جار بینراوە

داوڕۆژ، کۆچەر عەلی 
بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی هەولێر رایدەگەیەنێت: لە سەرەتای دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت تاوەکو ئێستا دوو پێشێلکاری تۆمارکراوە، دەشڵێت: "بەهیچ جۆرێک ماوەی دەنگدان درێژناکرێتەوە".


ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٨، ئارام نەجمەدین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی نیشتمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند:  ئەو پلانەی کۆمسیۆن دایناوە بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و لە کاتژمێر ٨ی بەیانی دەنگدانی تایبەت دەستی پێکردووە و  ٤١ بنکەی دەنگدانیش کراوەتەوە.

وتیشی: "تا ئێستا پرۆسەکە بەباشی دەڕوات و داواش لە دەنگدەرانی تایبەت دەکەین پاڵەپەستۆ لەسەر بنکەکانی دەنگدان دروست نەکەن، چونکە کات زۆر ماوە و سەرجەمیان دەتوانن دەنگ بدەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: ژمارەیەک لە دەنگدەران ناسنامەی باری شارستانیان هێناوە لە بری بەڵگەنامەکانی تر کە ئەوانە بۆیان نییە دەنگ بدەن چونکە پێشتر کۆمسیۆن رایگەیاندبوو پێویستە دەنگدەر دەبێت رەگەزنامەی عێراقی و پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی پێبێت.

هۆشداریشیدا لەوەی هەر کامەندێکی  کۆمسیۆن سەرپێچی بکات توندترین سزا دەدرێت و نهێنی دەنگدانی دەنگدەر پارێزراوە و هیچ لایەنێک نازانێ دەنگت بەکێداوە.

ئەوەشی خستەڕوو: لە دوای کاتژمێر شەشی ئێوارە پرۆسەی دەنگدان دەوەستێت و پرۆسەی جیاکردنەوەش لەناو بنکەی دەنگدان ئەنجامدەدرێت.

ئاشکراشیکرد: تاوەکو ئێستا دوو پێشێلکاری تۆمارکراوە و لە هەولێر  ٢٥ رێکخراوی ناوخۆیی و ٥ی نێودەوڵەتی چاودێری پرۆسەکە دەکەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure