لەشەڕی دوو بنەماڵەدا پێنج کەس بوونە قوربانی

هەواڵ / کوردستان :: 27/09/2018‌ :: 19452‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
کەمێک پێش ئێستا لەئەنجامی شەڕەتەقەی نێوان دوو بنەماڵە لەیەکێک لە گەڕەکەکانی قەزای سەیدسادق، کەسێک کوژرا و چواری دیکەش بریندار بوون.


شوان مەحمود، ئێشکگری ئیداری لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەتی حاجی مشیر لە قەزای سەیدسادق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: کەمێک پێش ئێستا تەرمی هاوڵاتییەک گەیەنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان کە ئاسەواری گولە بە جەستەیەوە بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، چوار کەسی دیکەش بە برینداری گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکەمان کە ئەوانیش گولە بەرجەستەیان کەوتووە، ئەوەش لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕە تەقە لەنێوان دوو بنەماڵەی قەزای سەیدسادق.

ئێشکگری ئیداری لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەتی حاجی مشیر، ئەوەشی وت: "تەمەنی ئەو کەسەی گیانی لە دەستداوە نزیکەی 30 ساڵ دەبێت، هاوکات بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی بریندارەکانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون و تەرمەکەش ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی دواڕۆژ، شەڕی نێوان ئەو دوو بنەماڵە لە گەڕەکی سەرای سەیدسادق ڕویداوە.

دواڕۆژ بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە پۆلیسی سەیدسادقەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.

دیاری رەفیق قایمقامی قەزای سەیدسادق بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەڕی ئەو دوو بنەماڵەیە لەسەر شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل بووە و تەقەیان لەیەكتر كردووە.

ئەوەشی وت: "بریندارەکان رەوانەی سلێمانی کراون و هێزەکانی پۆلیس، فەرمانی گرتنی بکوژیان وەرگرتووە و بەشوێنیدا دەگەڕێن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure