بە هۆکارێکی نادیار كچێك گیان لە دەستدەدات و 2 ژنیش بێهۆش دەکرێن

هەواڵ / کوردستان :: 27/09/2018‌ :: 8540‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27 ی ئەیلول، بەهۆکارێکی نادیار کچێکی گوندی جەلکانی قەزای پشدەر گیانی لە دەستدا و وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین-یش دەڵێت: "دوو ژنی تری هەمان گوند بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییان ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی کراون".


وتیشی: "ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە کچەکە بەناوی (ئ،ح) تەمەن 27 ساڵان گیانی لە دەستدا کە کچی ماڵەوە بووە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری بێهۆش بوون و گیان لە دەستدانەکەی دیار نییە".

وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین باسی لەوەشکرد: "دوو ئافرەتەکەی تریش باری تەندروستییان ناجێگیر بووه‌، بۆ چارەسەرکرن ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ئەو دوو ژن و کچە لە یەکێک لەو بنەماڵانەن کە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ دانیشتوانی گوندی مەمکان شەڕ لە نێوانیان ڕوویدا و دوو کوژراوی لێکەوتەوە".

وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین هێمای بۆ ئەوەشکرد: "پۆلیسی ڕاپەڕین لێکۆڵینەوەی وردی لەو ڕووداوە دەستپێکردووە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure