كه‌لار: ئه‌فسه‌رى تایبه‌ت له‌ بنكه‌كانى ده‌نگدادن داده‌نرێت و هه‌ڵگرتنى چه‌ك-یش قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 27/09/2018‌ :: 83‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
به‌ بڕیارێكى قایمقامى كه‌لار، هه‌ر بنكه‌یه‌كى ده‌نگدان له‌ سنوورى  ئه‌و قه‌زایه‌ ئه‌فسه‌رێكى بۆ داده‌نرێت، هه‌روه‌ها هه‌ڵگرتنى چه‌ك بۆ ده‌نگده‌ران قه‌ده‌غه‌یه‌ به‌ تایبه‌تى ده‌نگده‌رانى تایبه‌ت له‌ هێزه‌كانى ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌. 

شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى باڵاى ئه‌منى شارى كه‌لار "ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسى هاتووچۆ و 104" كۆبووینه‌وه، له‌ پێناو پاراستنى بنكه‌كانى ده‌نگدان كه‌ له‌ سنورى كه‌لار 27 بنكه‌ هه‌یه‌، بڕیاردرا بۆ هه‌ر بنكه‌یه‌ك ئه‌فسه‌رێكی بۆ دابنرێت له‌ گه‌ڵ دابینكردنى پاسه‌وانى تایبه‌ت به‌ بنكه‌كه‌. 

وتیشى :"هاوكات هه‌ڵگرتنى چه‌ك به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌ و كه‌س بۆى نییه‌ به‌ چه‌كه‌وه‌ بچێته‌ نێو بنكه‌كان، به‌ تایبه‌تى له‌ ده‌نگانى تایبه‌ت به‌ هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌. له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ مه‌فره‌زه‌كانى هاتووچۆو 104 ڕۆڵى خۆیان ده‌بێت و ڕاسپێردران بۆ رێكخستن و كۆنترۆڵكردنى ناوچه‌كه‌ له‌ رووى هاتووچۆ و هه‌ركێشه‌ و گرفتێكى دیكه‌". 

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ رائید عه‌لى جه‌مال قه‌دورى، وته‌بێژى پۆلیسى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بۆ هه‌ڵبژاردنى سبه‌ینێ 28ى ئه‌یلول، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنى گشتى كه‌ له‌ 30 ئه‌یلول، به‌ڕێوه‌ده‌چێت سەرجەم کارمەندانمان لەحاڵەتی ئامادەباشیدان و ویستگەگانی دەنگدان و بێ لایه‌نى خۆمان دەپارێزین.

وتیشى :"ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین گرفت بۆ دەنگدەران دروستبکات، سبەی كه‌ ده‌نگدانى تایبه‌ته‌ جگە لەو کارمەندانەی پاراستنی ویستگەکانی دەنگدانیان لەئەستۆیە هیچ کارمەندێکی تر ڕێگەپێدراونییە بەچەکەوە بەشداری پرۆسەکە بکات یاخود نزیکی بنکەکانی دەنگدان ببێتەوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure