كاندیدێكى كورد له‌سه‌ر لابردنی ناوه‌كه‌ی له‌ لیستی كاندیدانى سه‌ركۆمار رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / عێراق :: 27/09/2018‌ :: 9420‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال
سه‌لیم شوشكه‌یی پاڵێوراوى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان بۆ پۆستى سه‌ركۆمار رونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر بڵاونه‌كردنه‌وه‌ى ناوه‌كه‌ى ده‌دات له‌ لیستى كاندیدانى ئه‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌و ده‌ڵیت: "رۆژى ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ ناوم بۆ لیستى كاندیده‌كان زیاد ده‌كرێت". 


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ى ئه‌یلول سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق ناوى ژماره‌یه‌ك له‌ كاندیدانى پۆستى سه‌ركۆماری راگه‌یاند، له‌پاش دوورخستنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك كاندید، به‌ڵام له‌نێو لیسته‌كه‌دا ناوى سه‌لیم شوشكه‌یی پاڵێوراوى كۆمه‌ڵى ئیسلامى تێدا نه‌بوو بۆ ئه‌و پۆسته‌.

لەوبارەیەوە سه‌لیم شوشكه‌یی به‌ دواڕۆژى وت: "بڵاونه‌كردنه‌وه‌ى ناوه‌كه‌م له‌ نێو لیستى ناوى كاندیده‌كاندا هه‌ڵه‌یه‌كى هونه‌رییه‌و به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ بڕوانامه‌كه‌م دره‌نگ گه‌یشتووه‌ به‌ به‌غدا بۆ راستاندنى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاوه‌ ناوه‌كه‌م بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌".

وتیشى"له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان قسه‌م كردووه‌و له‌رووى یاساییه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ رۆژى ده‌نگداندا ناوه‌كه‌م زیاد بكرێت، بۆ لیستى پاڵێوراوه‌كان و رۆژى هه‌ڵبژاردن ناوه‌كه‌م زیاد ده‌كرێت".
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure