پارێزگاری نوێى هه‌ڵه‌بجه‌ سوێندی یاسایی خوارد

هەواڵ / کوردستان :: 27/09/2018‌ :: 269‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاواره‌ حه‌مید، عەلی حەمە سەعید
پارێزگاری نوێی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌رده‌م سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و وەزیری ناوخۆ سوێندی یاسایی خوارد بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ى و سه‌رۆكی حكومه‌تیش دڵنیایی ده‌دات له‌ سه‌ركه‌وتنی.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ی ئه‌یلول ئازاد تۆفیق، پارێزگاری نوێی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌رده‌م نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و كه‌ریم سنجارى وەزیری ناوخۆ سوێندی یاسایی خوارد بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ى.

له‌مه‌راسیمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: به‌پێی ناسینی من پارێزگاری نوێ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت لە کارەکەیدا.

دوای سوێند خواردنی، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری نوێی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ وەك پارێزگاری هەڵەبجە لەبەرەدەم سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ، سوێندی یاسایم خوارد، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەرمانی دەستبەكار بوونم لەلایەن سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆوە واژۆی لەسەر كرابوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیاریانداوە كە لەدوای بە فەرمی دەستبەكار بوونم جارێكی دیكە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆببینەوە باس لە گرفت و كێشە و داواكارییەكانمان بكەین.

پارێزگاری نوێی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، جارێ‌ دیار نییە كەی بە فەرمی دەستبەكار دەبم لە جێگەی (عەلی عوسمان) پارێزگاری بە وەكالەتی ئێستای هەڵەبجە، ئەوەش بەهۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە لەدوای كۆتایی هاتن بە هەڵبژاردنەكان ڕووندەبێتەوە كەی بەفەرمی لە دیوانی پارێزگا دەوام دەكەم.

ئازاد تۆفیق، لە ساڵی 1963 لە هەڵەبجە لە دایكبووە و لە ساڵی 1979 پەیوەندی بە یەكێتی نشتیمانی كوردستانەوە كردووە و دوا پلەی حزبیشی ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی نشتیمانی كوردستان بووە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure