كۆمسیۆن دەربارەی وێنه‌گرتنى ده‌نگده‌رى ئافره‌ت روونکردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 27/09/2018‌ :: 1891‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسى هه‌رێم، ئاشكرایده‌كات: وێنه‌گرتنى ده‌نگده‌رى ئافره‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنى 30 ئه‌یلول ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌بێت.

له‌ رۆژی 25ى ئه‌یلول ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران، له‌كۆمسیۆنی باڵای هه‌لبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ڕێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردن، له‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌كاندا هاتووه‌: "وێنه‌گرتنی ده‌نگده‌ر كه‌ به‌رله‌وه‌ی ده‌نگ بدات وێنه‌یه‌كی خۆی و ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی ده‌گیرێت كه‌ ده‌نگی پێ ده‌دات، له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ری وێستگه‌وه‌ و ده‌نێردرێت بۆ ئه‌و ژماره‌یەی كه‌ كۆمسیۆن بۆی دیاری ده‌كات"، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایى به‌شێك له‌ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى لێكه‌وته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئیسماعیل خورماڵى، بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیارانى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: رێكاری وێنەگرتنی دەنگدەر بۆ رێگرییە لەدەنگدانی دوبارە و دەنگدانی ساختە، لەوانەیە هەندێ لایەنی سلبی هەبێت، بەڵام ئیجابیاتی زۆرترە.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئەو رێكارەی كۆمسیۆن لەڕۆژی هەڵبژاردن دیراسە كراوە، پاشان بڕیاری لەسەر دراوە، هەر كاتێكیش كۆمسیۆن گفتوگۆی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی كرد، ئەو كاتە ئەنجامەكەی رادەگەیەنرێت.

ناوبراو ئاشكراشیكرد: وێنەگرتن بۆ ئافرەت ئیختیارییە و دەتوانێت نەیگرێت و وێنەگرتن هیچ پەیوەندی بەوەوە نیيە دەنگت بەکێ داوە، ئه‌م رێكاره‌ش خواستێکی زۆری خەڵکی بووە.

وتیشى: "تکا له‌ ده‌نگده‌ران ده‌كه‌م گوێ بۆ ئەوانە مەگرن بە وێنەگرتن دەتانترسێنن، چونکە نیەتی تر لەپشت ئەو ترساندنەوەیە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure