دواڕۆژ، كۆچهر عهلی
لە كۆی حهوت ملیار مرۆڤ ساڵانە زیاتر لە ملیارێكیان دەبنە گەشتیار و زیاتر لە 10%ی داهاتی جیهانیش لە رێگای كەرتی گەشتیاریی دابیندەكرێت و سهبارهت به ههرێمى كوردستانیش بهرپرسێكى بوارهكه دهڵێت: لە ٨ مانگی رابردودا ژمارەی گەشتیاران گەیشتە زیاتر لە دوو ملیۆن ئەمەش ژمارەیەكی دڵخۆشكەرە بۆ ئهمساڵ.
رۆژی 27ی ئهیلولی ههموو ساڵێك به رۆژی جیهانی گهشتیاری له جیهاندا دادهنرێت، ئهوهش لهكاتێكدایه رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاریدا ئهمڕۆژهى ههموو ساڵێك بكرێته رۆژی گەشتوگوزار.
ساڵانە ئەم یادە بە لۆگۆ و بە دروشمی جیاواز لەپێناو چەند ئامانجێك كە خزمەتی پەرەپێدانی گەشتیاری دەكات دەكرێتەوە و بۆتە رۆژی گەشتوگوزاری جیهانی، مەبەستی سەرەكیش دابینكردنی خزمەتگوزاری و ناساندن و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری گەشتیاریی و دابینكردنی زیاتری هەلی كارە.
ئەمساڵ بە دروشمی گرنگی تەكنەلۆژیا لەبواری گەشتیاریی لەلایەن رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانی ئەم یادە لە وڵاتی هەنگاریا - مجر بەرزرادەگیرێ و هەوڵدەدرێ زیاتر تەكنەلۆژیا بخرێتە خزمەت گەشتیار و پێشخستنی كەرتی گەشتیاریی.
بهپێى ئامارێكى رێكخراوهكه لە ١٠ هەلی کار یەک هەلی کار لە کەرتی گەشتیاریە و ملیاران هەلی كار لە گەشتوگوزار دابینكراوە. گرنگیدان بە ژیان و گوزەرانی یەك ملیار مرۆڤ بۆتە ئەركی سەرجەم دامودەزگاكانی گەشتیاری، هەرێمی كوردستانیش لە رووی گەشتیارییهوه سوودی زۆری لە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا بینیوە.
ئاشكراشیكردووه: زیاتر لە ملیارێك مرۆڤ دەبن بە گەشتیار و زیاتر لە 10%ی داهاتی جیهان لە رێگای كەرتی گەشتیارییهوه دابیندەكرێت.
نادر روستی، وتهبێژی دهستهی گهشتوگوزاری ههرێم به دواڕۆژی راگهیاند: كەرتی گەشتیاریی له ههرێم گەشەی باشی كردووە، بەڵام مانای ئەوەش نییە گەشتوگوزار كەموكوڕی تێدانییە، دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم لە چوارچێوەی ئەو پلانەی تا ساڵی 2025 دایڕشتووە بەردەوامە لە پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاریی و نەهێشتنی كەموكورتیەكان، ئەمەش تەنیا بە دەستەی گەشتوگوزار ناكرێ، بۆیە پێویستە پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرجەم وەزارەتەكان و یەكە كارگێریەكان و خاوەن سەرمایەكان و هاوڵاتیان پاڵپشتی پێشخستنی گەشتوگوزار بن.
وتیشی: "ژمارە و ئاماژەكانیش ساڵ دوای ساڵ مژدەی پێشكەوتنی نوێمان پێرادەگەیەنن، لە ٨ مانگی رابردودا ژمارەی گەشتیاران گەیشتە زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار ئەمەش ژمارەیەكی دڵخۆشكەرە بۆ ئهمساڵ بۆ زیاتر بە جوڵەخستنی بازاڕەكان و دابینكردنی هەلی كاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان و زیاتركردنی داهاتی گەشتیاریی، هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار بەتایبەت لە رووی دابینكردنی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی سیستەمی كارگێڕی و بەبازاڕكردن و جێبەجێكردنی چەندان پڕۆژە و پاڵپشتیكردنی بەردەوام بۆ كەرتی تایبەت".
نادر روستی ئاماژهی بهوهشكرد: بۆ راكێشانی سەرنجی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی جیهان و كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی گەشتیاری، حكومهتی ههرێم بهردهوامه له ههوڵهكانی.