كۆمسیۆن: ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنمان ته‌واوكردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 27/09/2018‌ :: 208‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی رایده‌گه‌یه‌نێت: سبه‌ی 28ی ئەیلولی 2018 ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌ستپێدەكات، ده‌شڵێت: "كۆمسیۆن ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌نجامداوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو". 

 
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ی ئه‌یلولی 2018، له‌ هه‌ولێر ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی هه‌رێم له‌باره‌ی رێكاره‌كانی كۆمسیۆن بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری كونسڵ و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كۆبووه‌وه‌. 

دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هەندرێن محه‌مه‌د، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند: به‌یانی له‌ كاتژمێر 8ی به‌یانی تاوه‌كو 6ی ئێواره‌ دەنگدانی تایبەت به‌رده‌وام ده‌بێت كه‌ ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی تایبه‌تیش 170 هه‌زار و 469 ده‌نگده‌ره‌.

سه‌رۆكی كۆمسیۆن وتیشی: "كۆمسیۆن ته‌واو ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ هه‌ردوو ده‌نگدانی تایبه‌ت و گشتی ته‌واو كردووه‌ و پێشتریش زیاتر له‌ سێ ملیۆن ده‌نگده‌ر سه‌ردانی بنكه‌كانی تۆماری ده‌نگده‌ران و سایتی كۆمسیۆنی كردووه‌ كه‌ كۆی گشتی ئه‌وانه‌ی ئه‌مجاره‌ ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن بریتییه‌ له‌ سێ ملیۆن و 85 هه‌زار و 461 ده‌نگده‌ر كه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌ دابه‌شده‌بێته‌ سه‌ر پارێزگاكان، دهۆك 711 هه‌زار و 218 ده‌نگده‌ر، سلێمانی یه‌ك ملیۆن و 196 هه‌زار و 180 ده‌نگده‌ر، هه‌ولێر  یه‌ك ملیۆن و 109 هه‌زار و 72 ده‌نگده‌ر، هه‌ڵه‌بجه‌ 68 هه‌زار و 191 ده‌نگده‌ر، هه‌روه‌ها بۆ ده‌نگدانی تایبه‌تیش 170 هه‌زار و 469 ده‌نگده‌ر به‌شداریده‌كه‌ن". 

ئەوەشی وت: "ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووی 90 ساڵیه‌وه‌یه‌ له‌و ماوه‌یه‌ش سه‌ردانی تۆماری ده‌نگده‌رانیان نه‌كردووه‌، ئه‌وانه‌ ناویان سڕاوه‌ته‌وه‌ و ناتوانن ده‌نگ بده‌ن، ئه‌وانه‌شی مووچه‌ی پله‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر فۆرمی خۆراكیان لێسه‌نراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش ناویان له‌ بنكه‌كانی پێشوتر نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ناتوانن له‌ شوێنه‌كانی پێشووتری خۆیان ده‌نگ بده‌ن و پێوست بوو پێشتر سه‌ردانی بنكه‌كانی تۆماری ده‌نگده‌رانیان بكردایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ناویان له‌ كوێیه‌".
 
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: 22 رێكخراوی بیانی تۆمار كراون، كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كان و ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كان خه‌وێنراون ناتوانن له‌ رۆژی ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌نگ بده‌ن و زیندانییه‌كانیش ناتوانن ده‌نگبده‌ن.

سه‌رۆكی كۆمسیۆن ده‌شڵێت: "دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان راسته‌وخۆ ده‌ست ده‌كرێت به‌ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگی لیسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات ئه‌نجامی به‌رایی رابگه‌یه‌نرێت،هه‌موو هه‌وڵێكیش گیراوه‌ته‌به‌ر".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure