هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگایه‌كى سه‌ربه‌خۆ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سبه‌ی ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 27/09/2018‌ :: 189‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌رپرسانى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژادن و راپرسى هه‌رێم له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كه‌ن: بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگایه‌كى سه‌ربه‌خۆ به‌شدارى ده‌كات و هه‌ر له‌ ناو هه‌ڵەبجه‌ش پرۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماركردنى ده‌نگه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و 68 هه‌زار كه‌سیش مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌.

هاوكار هادى، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندن له‌ ئۆفیسى هه‌ڵه‌بجه‌ى كۆمسیۆن و ڕاپرسى هه‌رێم، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نى كۆمسیارانى هه‌رێم ره‌زامه‌ندییان ده‌ربڕیوه‌ كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ وا بڕیاره‌ له‌ 30ى ئه‌یلول به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگایه‌كى سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و پرۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماركردنى ده‌نگه‌كانیش له‌ كۆگاى تایبه‌ت له‌ ناو سه‌نته‌رى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ ناوه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ و ناحییه‌كانى خورماڵ، سیروان، بیاره‌ و به‌مۆ له‌خۆده‌گرێت، 68 هه‌زار و 191 كه‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 29 بنكه‌ى ده‌نگدانمان كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ 138 وێستگه‌ى ده‌نگدان له‌خۆده‌گرن، هاوكات بۆ سبه‌ی كه‌ ده‌نگدانى تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دوو هه‌زار و 175 كه‌س مافى ده‌نگدانى تایبه‌تیان هه‌یه‌ و یه‌ك بنكه‌ى ده‌نگدان كه‌  شه‌ش وێستگه‌ى ده‌نگدان له‌خۆده‌گرێت ئاماده‌كراون.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمسیۆن له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانمان بۆ ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى ده‌نگدانى تایبه‌ت و ده‌نگدانى گشتى به‌ كۆتا گه‌یاندوه‌ و هه‌ماهه‌نگى ته‌واومان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى پۆلیس و ئاسایشى سنوره‌كه‌ دروستكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ده‌نگدان به‌ شێوه‌یه‌كى ئارام و دوور له‌ هه‌ر كێشه‌ و گرفتێك به‌ڕێوەبچێت، بۆیه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ ده‌بێت یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانى وه‌ك كارتى نیشتمانى یان ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقى یاخود پاسپۆرت له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure