ره‌وتى حيكمه‌ هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر كانديدى سه‌ركۆمار ده‌ربڕى

هەواڵ / عێراق :: 27/09/2018‌ :: 2000‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌ركرده‌يه‌كى ره‌وتى حيكمه‌ى نيشتمانى كه‌ له‌لايه‌ن عه‌مار حه‌كيمه‌وه‌ سه‌رۆكايه‌تى ده‌كرێت، هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر كانديده‌كانى پۆستى سه‌ركۆمار ده‌ربڕى، سه‌ره‌ڕاى هه‌ڵوێستى فه‌رمى فراكسيۆن، ميزاجى په‌رله‌مانتار و په‌يوه‌ندى په‌رله‌مانتار به‌ كانديده‌كه‌وه‌ رۆڵ ده‌بينێت.

حه‌بيب ته‌رفى، سه‌ركرده‌ى ره‌وتى حيكمه‌ى نيشتمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌ياند: هه‌ردوو كانديده‌ سه‌ره‌كييه‌كه‌ى پۆستى سه‌ركۆمار كه‌سايه‌تى نزيكن له‌ بارودۆخمانه‌وه‌، ناتوانيت چاكه‌ى يه‌كێك بده‌يت به‌سه‌ر يه‌كێكى تردا، له‌لايه‌كى تره‌وه‌ كورد ئێمه‌ ده‌خه‌نه‌ كێشه‌ و ته‌نگه‌به‌رييه‌كه‌وه‌، بۆيه‌ ئاواته‌خوازين هه‌وڵه‌كانيان چڕبكه‌نه‌وه‌ و يه‌كيبخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى يه‌ك كانديد پێشكه‌ش بكه‌ن، ئێمه‌ش نه‌خه‌نه‌ ئيحراجييه‌وه‌.

ئه‌و سه‌ركرده‌يه‌ سه‌باره‌ت به‌ نزيكترين كه‌س كه‌ چانسى بردنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ى هه‌بێت، جه‌ختيكرده‌وه‌: ئه‌وه‌يان مه‌سه‌له‌ى ميزاجه‌، هه‌ندێكجار هه‌ندێک هاوڕێيه‌تى له‌ نێوان هه‌ندێك هاوڕێدا رۆڵى گه‌وره‌ ده‌بينێت، بۆ نمونه‌ من له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح هاوڕێیه‌تيم هه‌يه‌، بۆيه‌ كه‌ ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌درێت من خودى خۆم ده‌بمه‌ دادوه‌ر بۆ ده‌نگدان، هێشتا ئێمه‌ نه‌گه‌يشتوينه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ى مه‌يل و خواسته‌ كه‌سييه‌كانمان بخه‌ينه‌لاوه‌ و كار به‌ پێوه‌رى تر بكه‌ين.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵويستى رەسمى ره‌وتى حيكمه‌، ته‌رفى روونيكرده‌وه‌: هه‌ڵوێستمان تائێستا ئه‌وه‌یە داوا له‌ كورد ده‌كه‌ين يه‌ك كانديد پێشكه‌ش بكه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure