سزای ئەو كاندیدانە ئاشكرادەبێت كە لەنزیك بنكەی دەنگدان بانگەشەدەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 27/09/2018‌ :: 595‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت: سبەی 28ی ئەیلولی 2018 هەر كاندیدێك لەنزیك بنكەی دەنگدان بانگەشە بكات، ئەوا لەو بنكەیە دەنگەكانی پووچەڵدەكرێتەوە.

سەیاح كورەچی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی یەكێك لە پەیڕەوەكانی هەڵبژاردن كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە دانراوە، سبەی لە كاتی دەنگدانی تایبەتدا هەر كاندیدێك لە نزیك بنكەی دەنگدان بانگەشە بكات، ئەوا لەو بنكەیە هەر دەنگێكی هەبێت بۆی هەژمار ناكرێت.

كورەچی ئاماژەی بەوەكرد، هەر كاندید و لیستێكیش دوای تەواوبوونی بانگەشە و تا رۆژی دەنگدانی گشتی لە بانگەشەكردن بەردەوام دەبێت، ئەو كاتە ئەنجومەنی كۆمسیۆن كۆدەبێتەوە و بەپێی جۆری سەرپێچییەكە سزایان دەدات.

سبەی كاتژمێر 8ی بەیانی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستپێدەكات و هەمان كاتیش بانگەشەی هەڵبژاردن دەوەستێت، رۆژی 30ی ئەیلولیش دەنگدانی گشتییە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure