سەرۆکی گەورەترین کوتلەی پەرلەمان پشتگیری کاندیدێکی کورد دەکات بۆ سەرکۆمار

هەواڵ / عێراق :: 27/09/2018‌ :: 29897‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
کێبڕکێی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دوێنێ 26ی ئەیلولی 2018، گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهات، دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر و ئیئتیلافی سائیرون چاوی کەوت بە بەرهەم ساڵح، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق و پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کورد و دیاریکردنی کاندیدێک لەلایەن کوردەوە بۆ پۆستی سەرکۆمار، لەئێستاشدا چانسی عادل عەبدولمەهدی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران بەهێزە و رێککەوتنێک خەریکە دێتەبەرهەم لەنێوان هێزە شیعەکاندا، بۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

دوێنێ لە ماڵەکەی خۆی، موقتەدا سەدر، چاوی کەوت بە بەرهەم ساڵح و کەسێکی نزیکیش لە کۆبونەوەکە رایگەیاندوە: کە سەدر وتویەتی خواستمە تاکە کاندیدێکی کورد بۆ ئەو پۆستە هەبێت، بەڵام ئەگەر رێککەوتنیش نەکرا ئەوا بەرهەم ساڵح نزیکترینە لە سەدرەوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. 

لەلایەکی دیکەشەوە هەر دوێنێ نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا چاویکەوت بە فوئاد حسێن، کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرکۆمار و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

هەروەها یەحیا کوبەیسی، سەرکردە لە هاوپەیمانی نیشتمانی سوننەکان وتی: "پشتیوانی ئێمە بۆ کاندیدەکەی پارتی دوای ئەوە دێت کە رێککەوتنمان لەگەڵ پارتی هەبووە و ئەوان پشتگیری کاندیدی سوننەکانیان کردوە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆیە ئێمەش پشتیوانی کاندیدی ئەوان دەکەین".

هەندێک لەسەرچاوە کوردییەکان ئاشکرایان کردووە: پەیوەندییەکان بەردەوامن بۆ قەناعەتکردن بە بارزانی تا لە هەڵوێستی لەسەر پۆستی سەرکۆمار پاشگەزبێتەوە بەرامبەر ئەوەی بەرهەم ساڵح لە کاندیدی ئەو پۆستە بکشێنرێتەوە و کاندیدێکی دیکە دابنرێت، ئەوەش یەکێتی رەتیکردوەتەوە و چاوەڕێدەکرێت، بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پرسە سەردانی هەولێر بکات.

لەهەمان کاتدا چانسی عادل عەبدولمەهدی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران بەهێزتر بووە و ئەوەش دوای ئەو گفتوگۆیانە دێت کە لەنێوان هاوپەیمانییە سەرەکییەکە بەڕێوەچووە کە پێکدێن لە (چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە) کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکات لەگەڵ (بونیاد) کە نوری مالکی و هادی عامری تێدایە.

بەڵام هێشتا گفتوگۆکان لەسەرەتادان و دابەشکردنی وەزارەتەکان بوونەتە کۆسپ لەبەردەم رێککەوتنەکەدا.

سەچاوە: رۆژنامەی الحياة



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure