بۆ یه‌ك پۆست زیاتر له‌ كاندیدێك هه‌یه‌ و ئه‌مڕۆ په‌رله‌مان دانیشتنى له‌سه‌رده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 27/09/2018‌ :: 734‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ
له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى عێراقدا، ده‌نگ له‌سه‌ر دیاریكردنى هه‌ردوو بڕیارده‌رى په‌رله‌مان ده‌درێت، یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ پشكى كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كانى كلد و ئاشوره‌، كه‌ له‌ كۆى پێنج په‌رله‌مانتار زیاتر له‌ كاندیدێكیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ پۆسته‌.


یونادم كه‌ننا، سكرتێرى گشتى بزوتنه‌وه‌ دیموكراتى ئاشورى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ى ئه‌یلولى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: سه‌رجه‌م لیسته‌كانى كلد و ئاشور له‌ناو په‌رله‌مانى عێراق، پێنج په‌رله‌مانتاریان هه‌یه‌، كه‌ پۆستى یه‌كێك له‌ بڕیارده‌ره‌كانى په‌رله‌مان بۆ كلد و ئاشور ده‌بێت.

له‌ چه‌ند خولى رابردوودا به‌پێى رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان پۆستى بڕیارده‌رێك بۆ په‌رله‌مانتارێكى كلد و ئاشور بووه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌یان به‌ ئاسانى دیارى نه‌كرێت، وه‌ك یونادم كه‌ننا ئاماژه‌ى بۆكرد: "تائێستا باس له‌ سێ كاندید بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌ ده‌كرێت".

رونیشیكرده‌وه‌: ئه‌وانیش "وه‌ك كورد و شیعه‌ و سوننه‌ رێككنه‌كه‌وتوون له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنى كاندیده‌كه‌ى ئه‌و پۆسته‌یان".

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ په‌رله‌مان دانیشتنێكى ترى خۆى ئه‌نجامبدات و یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانى تایبه‌ت ده‌بێت به‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى بڕیارده‌ره‌كان.

دوێنێش نووسینگەى حەسەن کەعبی، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند: دانیشتنی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە وەرگرتنەوە متمانە لەچەند وەزیرێک و دورخستنەوەی فەرماندەى ئۆپراسیۆنى بەسڕە، ئەوەش بەهۆی رووداوەکانی ئەمدواییەی پارێزگاکەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure