د.یونس كۆپڕوڵو: نه‌خۆشیى پرۆستات به‌ سێ قۆناغ ده‌بێت به‌ شێرپه‌نجه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 27/09/2018‌ :: 9496‌ جار بینراوە
یونس كۆپڕوڵو

دواڕۆژ، سامان قوبادى
 له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا، یونس كۆپڕوڵو پزیشكى پسپۆڕى میز و میزه‌ڕۆ له‌ شارى پزیشكیى فاروق، باس له‌ نه‌خۆشى و شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات ده‌كات، هاوكات چاره‌سه‌ره‌كانى به‌ شێوازێكى پێشكه‌وتوو و چۆنیه‌تى خۆلێپاراستنى ده‌خاته‌ڕوو. 

دواڕۆژ: شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات چییه‌ و چۆن سه‌رهه‌ڵده‌دات؟  

یونس كۆپڕوڵو: شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات تووشى غوده‌ى پرۆستان ده‌بێت، به‌هۆى هه‌ڵكشانى ته‌مه‌نه‌وه‌، تا ته‌مه‌ن گه‌وره‌ بێت زیاتر ئه‌گه‌رى تووشبوونى هه‌یه‌، له‌ ته‌مه‌نى سه‌روو 50 ساڵییه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان 70 ساڵه‌ 70%ى تووشى نه‌خۆشى یان شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات ده‌بن، مه‌رج نییه‌ هه‌موو كه‌سێك تووش بێت. هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ى كێشیان زۆره‌ تووشبوونیان به‌ شێرپه‌نجه‌ چالاكتره‌. یه‌كێكى تر له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆماوه‌ییه‌، واتا باوك یان مام تووشى شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات بووه‌ و له‌ نه‌وه‌كانیاندا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. 

دواڕۆژ: نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌ چه‌ند قۆناغ ده‌بێت به‌ شێرپه‌نجه‌ و چۆن ده‌دۆزرێته‌وه‌؟
یونس كۆپڕوڵو:
هه‌ندێك شێرپه‌نجه‌ هه‌یه‌ زۆر له‌سه‌رخۆ په‌ره‌ده‌سه‌نێت تا دیاریى ده‌كرێت شه‌ش مانگ چاودێریى ده‌كرێت. جۆرێك شێرپه‌نجه‌ى تر هه‌یه‌ پێى ده‌وترێت كه‌روێشك له‌وه‌ى پێشتر خێراتر ته‌شه‌نه‌ ده‌سه‌نێت، شێرپه‌نجه‌ى ژماره‌ سێ وه‌كو په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌ تا ئه‌وكاته‌ى دیاریى ده‌كرێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى شێرپه‌نجه‌یه‌كى زۆر چالاكه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌سه‌نێت بۆ ئه‌ندامه‌كانى ترى جه‌سته‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پرۆستاتى ده‌ره‌جه‌ دوو بدۆزینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ سێ قۆناغى هه‌یه‌، بۆ دیاریكردنى نه‌خۆشى یان شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات كاتێك نه‌خۆش دێته‌ لامان ده‌ڵێت، به‌شێوه‌ى پچڕپچڕ میز ده‌كه‌م، یان میزه‌كه‌م كزانه‌وه‌ى زۆرى له‌گه‌ڵدایه‌ و شه‌وان زۆر هه‌ڵده‌ستم بۆ میزكردن. یان ده‌ڵێت، دواى ئه‌وه‌ى میز ده‌كه‌م هه‌ست ده‌كه‌م میزى ترم پێماوه‌. كاتێك پشكنینى گشتى بۆ ده‌كه‌ین ده‌رده‌كه‌وێت psa كه‌ى به‌رزه‌، كه‌ دیاریكه‌رى نه‌خۆشى پرۆستاته‌ له‌ناو خوێندا، به‌ڵام له‌كاتى شێرپه‌نجه‌ى پرۆستاتدا به‌رزده‌بێته‌وه‌، دواتر له‌ كۆمیه‌وه‌ پشكنینى پرۆستاتى بۆ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر psaى به‌رزه‌ و به‌ ده‌رمانیش دانه‌به‌زێت، كه‌واته‌ ئیلتیهابى پرۆستات نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆشیى ترى هه‌یه‌، ئه‌وكاته‌ به‌ ئامێرى پێشكه‌وتوو بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م نه‌خۆشییه‌ شێرپه‌نجه‌یه‌ یان نا؟ دواتر به‌ ئامێرى بایۆپسى پارچه‌ گۆشتێك له‌ڕێگه‌ى كۆمییه‌وه‌ وه‌رده‌گرین.

دواڕۆژ: له‌ شارى پزیشكیى فاروق چ ته‌كنیكێك به‌كارده‌هێنرێت بۆ چاره‌سه‌رى نه‌خۆشی یان شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات؟
یونس كۆپڕوڵو:
له‌ شارى پزیشكیى فاروق سۆنه‌رێكى زۆر پێشكه‌وتوومان هه‌یه‌، له‌ كۆمیه‌وه‌ پارچه‌ گۆشتێك وه‌رده‌گرین، ده‌توانین گرێكان ببینین و له‌وێوه‌ پارچه‌ وه‌ربگرین، دواتر شیكارییه‌ك بۆ خوێنى نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌كرێت، پاش ئه‌وه‌ى بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ پرۆستاتدایه‌ و بۆ ئه‌ندامه‌كانى تر ته‌شه‌نه‌ى نه‌سه‌ندووه‌، ئه‌وكات ده‌توانین به‌ نه‌شته‌رگه‌ریى كراوه‌ چاره‌سه‌رى بكه‌ین، به‌بێ نه‌شته‌رگه‌رییش ده‌توانین چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام له‌ یه‌كه‌م قۆناغ كه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت په‌ره‌ى نه‌سه‌ندووه‌، ده‌توانین نه‌شته‌رگه‌ریى بۆ بكه‌ین و پرۆستاتى بۆ ده‌ربێنین، یاخود چاره‌سه‌رى هۆرمۆن له‌گه‌ڵ تیشكى بۆ به‌كاربهێنین یان هیچى بۆ نه‌كه‌ین و دواى شه‌ش مانگ پارچه‌یه‌ك گۆشتى ترى لێ وه‌ربگرین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شێرپه‌نجه‌كه‌ى چالاك بوو ده‌توانین پرۆستاته‌كه‌ به‌ نه‌شته‌رگه‌ریى ده‌ربكه‌ین.

دواڕۆژ: ئه‌ى گه‌وره‌بوونى پرۆستات چیه‌؟
یونس كۆپڕوڵو:
گه‌وره‌بوونى پرۆستات جیاوازه‌ له‌ شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات، له‌ دواى ته‌مه‌نى 50 ساڵییه‌وه‌ هه‌موو پرۆستاتێك گه‌وره‌ ده‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ شێرپه‌نجه‌یى نه‌بێت، بۆ ده‌ره‌وه‌ گه‌وره‌ بێت نه‌ك بۆ ناوه‌وه‌، چونكه‌ فشار ده‌خاته‌سه‌ر بۆریى میز و به‌ ئاسایى میز ناكرێت، بۆ چاره‌سه‌ر پێویستى به‌ ده‌رمان یان نه‌شته‌رگه‌ریی هه‌یه‌ به‌ نازور.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ ئه‌و خواردنانه‌ كامانه‌ن كه‌ ده‌بنه‌ هۆى تووشبوون به‌ نه‌خۆشیى پرۆستات؟
یونس كۆپڕوڵو:
ئه‌و خواردنانه‌ى ماده‌ى كالسیۆمیان تێدایه‌، به‌شێوه‌یه‌كى زۆر خواردنیان ده‌بێته‌ هۆى تووشبوون، پێویسته‌ كه‌م بخورێن، پێشتر ده‌وترا گۆشتى سوور زۆر بخورێت تووشى نه‌خۆشیی پرۆستات ده‌بیت، له‌ئێستادا ده‌ركه‌وتووه‌ گۆشتى سوور زۆر یان كه‌م بخورێت زیانى هه‌یه‌.

دواڕۆژ: به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كام خواردن سوودى هه‌یه‌ بۆ خۆپاراستن له‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشیه‌كه‌؟
یونس كۆپڕوڵو:
خواردنى بروكلى و قه‌رنابیت، رۆژى یه‌ك ته‌ماته‌، هه‌نار، بیبه‌رى سوور به‌ڵام تفت نه‌بێت، ئه‌مانه‌ زۆر سوودیان هه‌یه‌ بۆ دووربوون له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌.

دواڕۆژ: بۆچى زۆربوونى رێژه‌ى مردن له‌ پیاواندا به‌هۆى شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات زۆرتربووه‌؟
یونس كۆپڕوڵو:
شێرپه‌نجه‌ى پرۆستات یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى مردنى پیاوان، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك زووتر نه‌خۆشییه‌كه‌ى دیاریى بكرێت ده‌توانرێت رێگه‌ له‌وه‌ بگیرێت كه‌ تووشى شێرپه‌نجه‌ بێت.

دواڕۆژ: به‌رد یان نه‌خۆشیى گورچله‌، یاخود ده‌ركه‌وتنى خوێن له‌كاتى میزكردندا، یان شێوازى سێكس كردن، تاچه‌ند په‌یوه‌ندییان به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌؟
یونس كۆپڕوڵو:
به‌رد یان نه‌خۆشیى گورچیله‌ په‌یوه‌ندییان به‌ پرۆستاته‌وه‌ نییه‌،  بوونى خوێن له‌كاتى میزكردندا په‌یوه‌ندیى به‌ گورچیله‌ و پرۆستاته‌وه‌یه‌، برین له‌ناو میزه‌ڵداندا هۆكارى خوێنن له‌ میزه‌ڕۆوه‌، ئه‌گه‌ر به‌شى ناوه‌ڕاستى پرۆستات گه‌وره‌ ببێت هه‌ندێكجار تووشى ئه‌و خوێنه‌ ده‌بێت، به‌ڵام له‌ یه‌ك هه‌فته‌دا چه‌ند جار سێكس بكه‌یت یان شێوازى سێكس كردن هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ نه‌خۆشى پرۆستاته‌وه‌ نییه‌.

دواڕۆژ: بۆ ئه‌وه‌ى تووشى نه‌خۆشیى پرۆستات یان شێرپه‌نجه‌كه‌ى نه‌بین، چۆن خۆمان بپارێزین؟
یونس كۆپڕوڵو:
خواردنه‌كانمان رێكخراو بێت، گۆشت زۆر نه‌خورێت، كه‌متر چا و قاوه‌ و پیپسى بخۆینه‌وه‌، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ جگه‌ره‌كێشان و مه‌ى خواردنه‌وه‌، هه‌روه‌ها دابه‌زیى كێشى زیاده‌ى له‌شمان و وه‌رزشكردن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure