وه‌زاره‌تى دارایى عێراق: كورتهێنانى بودجه‌ 19 تریلیۆن دیناره‌

هەواڵ / ئابوری :: 27/09/2018‌ :: 942‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وه‌زاره‌تى دارایى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، كورتهێنان له‌ بودجه‌ى ئه‌مساڵ ده‌گاته‌ 19 تریلیۆن دینار.


ماهر حامد جوهان، بریكارى وه‌زاره‌تى دارایى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ى ئه‌یلولى 2018 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ئه‌و كورتهێنانه‌ به‌هۆى زیادبونى قه‌باره‌ى خه‌رجى و كه‌مبونه‌وه‌ى داهاتى باجه‌ به‌ نزیكه‌ى 300 ملیار دینار، سه‌ره‌ڕاى خه‌رجكردنى دوو ترلیۆن دینار بۆ پڕكردنه‌وه‌ى وه‌ستاندنى رێژه‌ى لێبڕینى 3.8%ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت كه‌ له‌ ساڵانى رابردوودا كارى پێده‌كرا.

وتیشى: "خه‌رجى بوارى ئاسایش كه‌ ده‌گاته‌ 1.4 ترلیۆن دینار كه‌منه‌كراوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى زیادكردنى پشكى پارێزگاكان له‌ داهاتى خاڵه‌ سنورییه‌كان بۆ زیاتر له‌ دوو ترلیۆن دینار".

جوهان راشیگه‌یاند: هه‌ندێك بڕه‌ پاره‌ له‌ بودجه‌دا دیارینه‌كراوه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ (ئه‌مانه‌ت) كه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 500 ملیار دینار، ئه‌مه‌ش پێویسته‌ بدرێته‌وه‌ به‌ خاوه‌نه‌كانیان.

ئاماژه‌شیدا: ته‌رخانكراو بۆ كارى له‌ناكاو گه‌یشتووه‌ته‌ سێ ترلیۆن دینار، كه‌ پێویست بوو له‌ یه‌كى تشرینى یه‌كه‌م ده‌ستى پێبكردایه‌، به‌ڵام به‌ر له‌و واده‌یه‌ ده‌ستیپێكرد بۆ پڕكردنه‌وه‌ى داخوازى خزمه‌تگوزارى له‌ پارێزگاكان.

به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد: "ئاستى هه‌نارده‌ى نه‌وت مانگانه‌ ده‌گاته‌ 100 ملیۆن به‌رمیل به‌ رێژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى رۆژانه‌ى 3.2 ملیۆن به‌رمیل و به‌ نرخى 64 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، ئه‌م نرخه‌ش 7 دۆلار كه‌متره‌ له‌ نرخى خامى برێنت و به‌پێى گرێبه‌سته‌ مانگانه‌كان دیاریده‌كرێت كه‌ كاریگه‌ر ده‌بێت به‌ نرخه‌ جیهانیه‌كان، هه‌روه‌ك هیچ شتێكمان له‌ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌".

ئه‌وه‌شى وت: زیادبوونى نرخى نه‌وت هاوكاربوو بۆ حكومه‌ت بۆ په‌نانه‌بردنه‌ به‌ر قه‌رز.

بریكاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى راشیگه‌یاند: وه‌زاره‌ته‌كه‌ى هه‌ڵده‌ستێت به‌ ته‌رخانكردنى بڕێك كه‌ كه‌متر نه‌بێت له‌ 6 تریلیۆن دینار بۆ ئه‌گه‌رى بارودۆخى دژوار ئه‌و بڕه‌ش ده‌كرێت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت و خه‌رجى گرنگى ترى بۆ ماوه‌ى سێ مانگ له‌بارى له‌ناكاودا پێبدرێت.

له‌ كۆتایى به‌یاننامه‌كه‌شدا ئاماژه‌یدا: ئاراسته‌ى ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و سه‌رله‌نوێ پشتیوانیكردنى كه‌رتى تایبه‌ت و جوڵاندنى ئاڵوگۆرى ئابورییه‌ به‌ ئامانجى گۆڕینى پڕۆسه‌ى هه‌نارده‌كردنى كه‌ بڕێك زۆرى پاره‌ به‌هه‌ده‌رده‌بات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure