رۆحانی: ئه‌مریكا رۆژێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران

هەواڵ / جیهان :: 27/09/2018‌ :: 315‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د
سه‌ركۆماری ئێران ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 26ی ئەیلولی 2018 له‌ به‌شداری له‌  دانیشتنێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی تره‌مپ بوو، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رۆژێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێراندا.


حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌ركۆماری ئێران وتی: "جیاوازی دانیشتنی ئه‌مساڵی  كۆمه‌ڵگه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ پار ئەوەیە کە ئه‌مریكا بە نایاسایی له‌ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی کشایەوە و لەناوی برد، هەروەها زۆربه‌ی ڕابه‌رانی جیهان  له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كان و وتاره‌كاندا، رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی وه‌كو ئامانجێكی دیپلۆماسی ناوده‌به‌ن و پاڵپشتی لێده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش به‌ واتای ته‌نیا بوونی ئه‌مریكایه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: تره‌مپ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كردووه‌، بۆیە یان له‌ هه‌ڵه‌كه‌ی په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یان درێژه‌ به‌ هه‌ڵه‌كه‌ی ده‌دات، به‌ڵام هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

سه‌ركۆماری ئێران له‌ وەڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی  كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا  رێز بۆ ریككه‌وتنی ئه‌تۆمی دابنێت  و بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو رێككه‌تنه‌كه‌ ئایا تاران پلانی موشكی بالستی خۆی كه‌مده‌كاته‌وه‌؟ وتى: "له‌ بابه‌تی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی پرسێك به‌ ناوی موشەك بوونی نییه‌، ئه‌وه‌ بیانووگرتنه‌، رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی روون و ئاشكرایه‌ و په‌یمانی 2231یش روون و ئاشكرایه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە