لەمەودوا مانگانە بڕی ملیارێك دینار بۆ هاوڵاتیانی سلێمانی دەگەڕێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 27/09/2018‌ :: 264‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
لەمەودوا بریكارەكانی خۆراك لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا 500 دینار بۆ هەر هاوڵاتییەك لە بەرامبەر وەرگرتنی بەشە خۆراكی مانگانە وەردەگرن، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: "بەوە مانگانە بڕی ملیارێك دینار بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێتەوە".


كاسترۆ مەعروف، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: رۆژی 13-9-2018 سەبارەت بەو پارە زیادەی كە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت كاتیك خۆراك وەردەگرن لیژنەكەمان بانگهێشتی بەڕێوەبەری خۆراكی سلێمانی كرد و بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی دەبێت بۆ هەر هاوڵاتییەك بڕی 500 دینار وەربگیرێت، بەڵام ئێستا بڕی 750  تا  هەزار دینار لەهاوڵاتی وەردەگیرێت.

وتیشی: "داوامان لەبەڕێوەبەری خۆراك كرد نووسراو ئاڕاستەی بریكارەكان بكات كە پابەند بن بەبڕیاری وەزارەت، بۆیە لەمەودوا هاوڵاتیان لە 500 دینار زیاتر نادەن بە بریكارەكانی خۆراك".

كاسترۆ مەعروف رونیشیکردەوە: داواكارین دامودەزگاكانی حكومەت چاودێری چەسپاندنی ئەو بڕیارەبن كە دوو ملیۆن هاوڵاتی لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرین خۆراك وەردەگرن، بۆ هەر مانگێك بڕی یەك ملیار دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیان، واتە لەساڵێكدا هەشت بەشە خۆراك بێت هەشت ملیار دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure