یەکێتی پێشنیارێکی پارتی بۆ پۆستی سەرکۆمار رەتدەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 26/09/2018‌ :: 6855‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
ئه‌ندامێكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا ئاشكرایدەکات، پێشنیاریان بۆ یەکێتی کردووە پۆستی سەرکۆماری عێراق بە دەنگی پەرلەمانتارە کوردەکان یەکلابکرێتەوە، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت: "پارتی مافی ئەوەی نییە پێشنیاری لەو جۆرە بکات و پۆستی سەرۆک کۆماریش شایستەی یەکێتییە".


شاخه‌وان عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌غدا به‌دواڕۆژی وت: "له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا به‌رده‌وامین له‌گفتوگۆكان تاوه‌كو یه‌ك كاندیدمان هه‌بێت بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، پێشنیاریشمان كردووه‌ هاوشێوه‌ی خولی پێشوتر له‌نێوان په‌رله‌مانتارانی كورددا له‌رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ ئەو پرسە یه‌كلابكرێته‌وه‌ و ئه‌و كاتەش وه‌كو پارتی رێز له‌و كه‌سایه‌تییه‌ ده‌گرین كه‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد به‌ ده‌ستده‌هێنێت".

لەوەڵامی پێشنیارەکەی پارتیدا، ئەڵماس فازڵ ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند: بەهیچ شێوەیەک پارتی ئەو مافەی نییە پێشنیاری دەنگدان بکات بۆ یەکلاکردنەوەی کاندید بۆ ئەو پۆستە چونکە سەرکۆمار شایستەی یەکێتییە و بەپێی رێککەوتنێکی پێشوتر لەبەرامبەر پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران بووە.

وتیشی: "ئێمە بەحاڵەتێکی سەیری دەبینین پارتی کاندیدی هەبێت بۆ پۆستی سەرکۆمار لەکاتێکدا ئێمەی کورد پێویستیمان بەیەکڕیزییە و لەپرسی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیشدا پشتگیریمان لەکاندیدی پارتی کردووە".

ئەوەشی خستەڕوو: گفتوگۆکانی هەردوولا بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە بەردەوامەو هێشتا لایەنە عێراقییەکانیش خۆیان یەکلانەکردۆتەوەو داوایانکردووە ئێمەی کورد لەنێوان خۆماندا لەسەر کاندیدێک رێککبکەوین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure