"یەكێتی پێیباشە پێش هەڵبژاردن، سەرۆك كۆمار یەكلایی ببێتەوە"

هەواڵ / عێراق :: 27/09/2018‌ :: 252‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ئەندامێكی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: یەكێتی هەوڵدەدات پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆك كۆماری عێراق هەڵببژێردرێت، بەڵام پارتی دەیەوێت بیخاتە دوای هەڵبژاردن.


سەلیم شوشكەیی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی و كاندیدی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێداگیریی دەكات تا پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەرۆك كۆمار یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام پارتی پەلەیان نییە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكەوێتە دوای هەڵبژاردنیش.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: پارتی بەدواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بۆ دوای هەڵبژاردن دەیەوێت بەشەقامی عێراقی بڵێت ئەوان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان دێنن و شایەنی ئەو پۆستەن، بۆیە یەكێتی هەموو هێزێكی بەكاردێنێت بۆ ئەوەی پرسی سەرۆك كۆمار بخاتە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گرژی خستۆتە نێوان پارتی و یەكێتی بەو پێیەی دوو كاندیدیان هەیە (فوئاد حسێن لەپارتی و بەرهەم ساڵح لەیەكێتی) دوا وادەش بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پۆستە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 2-10-2018یە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure