یه‌كه‌م كاروانى ئه‌و ده‌رمانه‌ى به‌غدا به‌ڵێنیدابوو گه‌یشته‌ هه‌ڵه‌بجه‌

هەواڵ / کوردستان :: 26/09/2018‌ :: 299‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
یه‌كه‌م كاروانى ده‌رمانى تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌رى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى له‌ به‌غداوه‌ گه‌یشته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى شاره‌كه‌ش ده‌ڵێت: "داواى به‌شى شه‌ش مانگ ده‌رمان و چاره‌سه‌رمان له‌ به‌غدا كردووه‌".


دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ى ئه‌یلولى 2018 یه‌كه‌م كاروانى ده‌رمان و چاره‌سه‌رییه‌كانى تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشخانه‌ى چاره‌سه‌رى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى له‌ به‌غداوه‌ گه‌یشته‌ هه‌ڵه‌بجه‌.

د. ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: گه‌یشتنى ئه‌و كاروانه‌ دواى ئه‌و سه‌ردانه‌ هات كه‌ له‌ مانگى رابردوودا بۆ به‌غدا ئه‌نجامماندا و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕى به‌ پێدانى ده‌رمان و چاره‌سه‌رى پێویست بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌رى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ستمان كاروانى یه‌كه‌مى ئه‌و ده‌رمانانه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ داوامانكردووه‌ و له‌ هه‌فته‌ى دووه‌میشدا كاروانى دووه‌میان ده‌گاته‌ هه‌ڵه‌بجه‌، پاش ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى به‌غدا به‌ڵێنى پێداوین كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ ناردنى ده‌رمان و چاره‌سه‌رى پێویست بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت: "گه‌یشتنى ئه‌و چاره‌سه‌رییانه‌ هه‌نگاوێگى گرنگ ده‌بێت به‌ ئاراسته‌ى زووتر كردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى چاره‌سه‌رى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌و 280 پزیشك و كارمه‌نده‌ى كه‌ دوامان كردبوو دابمه‌زرێن له‌ ئێستادا به‌شێكى زۆریان مامه‌ڵه‌ یاساییه‌كانیان ته‌واوكردووه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكیشدا نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure