پارێزگاری سلێمانی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پەیامێکی ئاڕاستەی حکومەت کردووە

هەواڵ / کوردستان :: 26/09/2018‌ :: 794‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: لەگەڵ حكومەتی هەرێم قسەیان كردووە تا هەرچی زووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ سەبارەت بە درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاكان رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت، چونكە یەكێك لە گرنگییەكانی سیستمی دیموكراسی هەڵبژاردنە و راهێنانی خەڵكە لەسەر رۆژژمێری هەڵبژاردن.

ناوبراو وتی: "لادان لەو سیستمە گرفت و بێئومێدی دروستدەكات، ئێمە لەگەڵ حكومەتی هەرێمیش قسەمان كردووە بەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە لەكاتی خۆی تێپەڕیوە، كاتێك بۆ ئەنجامدانی دیاری بكرێت".

پێشتر دواڕۆژ نووسراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بە ژمارە 4414 كە لە ڕێكەوتی 6-9-2018 بەواژۆی د. ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كە ئاڕاستەی وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردبوو بڵاوكردەوە، تیایدا باس لەدرێژكردنەوەی ماوەی رێپێدراو بۆ (30) رۆژی كار لەڕێكەوتی گەیشتنی ئەو نوسراوی درێژكردنەوەیە، كراوە".

رۆژی 24-6-2018 ماوەی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆتاییهات كە چوار ساڵە لە كاردان، بەپێی یاساش دەبوو لەو بەروارە تا 24-9-2018 كاتی هەڵبژاردنیان بۆ دیاری بكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure