پارێزگاری نوێی هەڵەبجە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستبەكاردەبێت

هەواڵ / کوردستان :: 24/09/2018‌ :: 545‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال-عەلی حەمەسەعید
پارێزگاری نوێی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستبەكار دەبێت، بۆ بەرنامەكانیشی دەڵێت : "ئەگەر بتوانن هەنگاوێك بخەنەسەر ئەو كارانەی بۆ ئەو پارێزگایە كراون، دەتوانن شتێك لە زامی خەڵكی ئەو شارە ساڕێژ بكەن".


ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆی دەستبەكاربوونی بۆ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری نوێی هەڵەبجە دەركرد.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری نوێی هەڵەبجە لە یەكەم لێدوانیدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: مەراسیمی دەستبەكاربوونی دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، چونكه‌ بەپێی یاسا دەبێت لەبەردەم سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگره‌كه‌ى و وەزیری ناوخۆ سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام ئێستا كاتی بانگەشەیە، بۆیە دوای بانگەشە سوێندی یاسایی دەخوات.

سەبارەت بەوەی دەیەوێت چی بۆ پارێزگای هەڵەبجە بكات؟ وتی : "به‌رنامه‌ى كارم بریتى ده‌بێت له‌ درێژه‌دان به‌ كاره‌ باشه‌كانى ئیداره‌ى ئێستاى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووى چه‌ندین پرۆژه‌ و پلانى كارى نوێ به‌ ئاراسته‌ى خزمه‌تكردنى دانیشتوانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌".

پارێزگاری نوێی هەڵەبجە وتیشی: "پێموایە ناتوانین قەرزی هەڵەبجە بدەینەوە، چونكە ئەو شارە مێژوویەكی لە قوربانیدان و بەخشین هەیە، بەڵكو ئەگەر بتوانین هەنگاوێكی دیكە بخەینەسەر ئەو كارانەی تێیدا كراون، دەتوانین شتێك لە زامی خەڵكی ئەو شارە ساڕێژبكەین". 

بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، پۆستی پارێزگای هەڵەبجە بەر یەكێتی دەكەوێت، ئێستاش عەلی عوسمان، جێگری پێشووی پارێزگاری سلێمانی لە پشكی یەكێتی بەوەكالەت ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات، ئازاد تۆفیق ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی-يە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure