یەکێتی: بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری پۆستەكانی سەركۆمار و پارێزگاری كەركوك نابین

هەواڵ / عێراق :: 23/09/2018‌ :: 17913‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، وەفدەكەی یەكێتی لە شاری بەغدا سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەبینێت و ئامانجیشیان یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەركۆمارە.


فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: وەفدەكەی یەكێتی بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەركۆمار سەردانی شاری بەغدادیان كردووە و چاویان بە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانیش دەكەوێت.

سەبارەت بەوەی ئەگەر پارتی پۆستی دیكەیان پێبدات، ئەوان دەستبەرداری پۆستی سەركۆمار دەبن، ئەسەسەرد دەڵێت: "ئەگەر ئێمە دەستبەرداری پۆستی سەركۆمار بوینایە، زووتر دەستبەرداری دەبووین، نەك لەم كاتەدا، بۆیە سوورین لەسەر ئەو پۆستە".

دەربارەی ئەوەی ئایا ئامادەن لە بەرامبەر پۆستی سەركۆمار پۆستی پارێزگاری كەركوك بدەنە پارتی، سەركردەكەی یەكێتی وتی: "بڕیاری سەركردایەتی ئەوەیە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری پۆستەكانی سەركۆمار و پارێزگاری كەركوك نابین، بەڵام بۆ پۆستی بوارەكانی دیكە دەكرێت نەرمی بنوێنین".   

ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای یەكێتی كە لە بەرهەم ساڵح کاندیدی سەرکۆمار و بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی پێكهاتبوون بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پۆستی سەرکۆمار گەیشتنە شاری بەغدا، ئەوەش لە كاتێكدایە شەوی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی بۆ هەمان مەبەست سەردانی شاری بەغدای كرد.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure