كوالێتى كۆنتڕۆل هەڕەشە لە كۆمپانیاكانى ده‌رمان دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 23/09/2018‌ :: 336‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر/عیسا عەبدولقەهار
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی ھێنان و دروستکردنی دەرمان، ھۆشداری دەداتە ھەموو دەرمانخانەکان و کۆگاکانی دەرمان و رایدەگەیەنێت: مامه‌ڵه‌ى ئێمە وەک کوالێتی کۆنتڕۆڵ تەنیا لەگەڵ دەرمانی یاساییه، ئه‌گه‌ر دەرمانێکی نایاسایی لە دەرمانخانە و کۆگاکانتاندا ھەیه‌ رادەستی بکەن.


بەڕێوەبەرایەتی گشتى  کۆنتڕۆڵکردنی ھێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشکی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى (كوالێتى كۆنتڕۆل) له‌ڕاگه‌یاندراوێكیاندا، كه‌ ئه‌مڕۆ یەکشەممە 23 ئه‌یلول بڵاویانكردۆته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن: "دڵنیایی تەواو دەده‌ینه‌ ھاوڵاتیان بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی بازاڕی دەرمان و دەست بەسەرداگرتنی دەرمانی نایاسایی لە ھەموو کوردستان".

له‌ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕوو: "ھۆشداریش دەدەینە ھەموو دەرمانخانەکان و کۆگاکانی دەرمان و پێیان رادەگەیەنین کە مامه‌ڵه‌ى ئێمە وەک کوالێتی کۆنتڕۆڵ تەنیا لەگەڵ دەرمانی یاساییه بۆیه داواتان لێدەکەین ھەر دەرمانێکی نایاسایی لە دەرمانخانە و کۆگاکانتاندا ھەبێت رادەستی کوالێتی کۆنتڕۆڵی بکەن، بەپێچەوانە دەستیان بەسەردا دەگیرێت".

كوالێتى كۆنتڕۆل، داوا لە ھاوڵاتیانیش دەکات، ھەماھەنگ و ھاوکاری تیمەکانی ئه‌وان بن و لە ھەرشوێنێک دەرمانی نایاساییان بینی، تیمەکەمانی لێ ئاگادار بکەنەوە و لە دەرمانخانەکانیش تەنیا دەرمانی یاسایی بکڕن.

ده‌شڵێت: "بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی ھێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشکی لە ماوەی رابردوودا بە شەونخوونی و ماندوونەناسی رووبەڕووی دەرمانی نایاسایی بۆتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە ھەوڵەکانی تاوەکوو باشترین و بەرزترین کوالێتی دەرمان پێشکەشی هاوڵاتیان بکرێت".

 

هاوکات دڵشاد فائز، وته‌بێژى داواكارى گشتى هه‌رێم له‌ راگه‌یاندراوێکدا ئەوەی خستۆتەڕوو: "هه‌ندێك له‌ ده‌رمانى نه‌خۆشییه‌كانى شێرپه‌نجه‌و گورچیله‌و نه‌خۆشى تر به‌بێ پشكینن و رێپێدانى له‌لایه‌ن كوالێتى كۆنتڕۆڵ ده‌هێندرێته‌ هه‌رێم ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى یاسایه‌و ده‌بێت رێككارى یاسایى دژى ئه‌و كه‌سانه‌ بگیرێته‌به‌ر كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: "بۆ رێگرى له‌ هێنانى ده‌رمانى ساخته‌، ده‌بێت وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و حكومه‌ت هه‌رێم لێژنه‌یه‌كى تایبه‌ت پێك بهێنن و لقى لێژنه‌كه‌ له‌ پارێزگاكان هه‌بێت بۆئه‌وه‌ى رێگه‌ له‌ هێنانى ده‌رمانى ساخته‌ بگیرێت".

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە