بۆچی نێچیرڤان بارزانی به‌په‌له‌ گەیشتە به‌غدا؟

هەواڵ / کوردستان :: 23/09/2018‌ :: 4615‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی رایدەگەیەنێت: لەوەڵامی راگەیه‌نراوەکەی یەکێتی کە بۆچی نێچیرڤان بارزانی بە بێ شاندی یەکێتی سه‌ردانی بەغدای كردووه‌، ئێمە دەڵێین برۆن لە یەکێتی بپرسن بۆچی بە بێ ڕەزامەندی پارتی کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار دیاریکرد؟

له‌وباره‌یه‌وه‌ هۆشیار سیوەیلی، بەپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بۆ دواڕۆژ، وتی: "پرسیاری زۆر دەکرێت دەربارەی سەردانی بەپەلەی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی بۆ بەغدا، لەکاتێکدا بڕیاربوو سبەی یەکشەممە لە سۆران ھەڵمەتی ھەڵبژاردن ڕابگەیەنێت، بەڵام بەپەلە چوو بۆ بەغدا". 

وتیشی: "وا پێویست بوو کە دوای ھاتنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەولێر و داخوازیکردنی بەرێزیان لە مه‌سعود بارزانی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی سەرۆکایەتی کۆمار لە وادەی خۆیدا و جەنابی جێگری پارتی بچێتە بەغدا تا ھەماھەنگی بکات لە گەڵ لایەنە فیدراڵییەکان لەوبارەیەوە".

بەپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ده‌ڵێت : "یەکێتی راگەیه‌نراوی فەرمیی هەیە  دەڵێت کە ئایا بۆچی کاک نێچیرڤان بارزانی بە بێ شاندی یەکێتی چووەتە بەغدا؟، دەبێت لە یەکێتی بپرسین بۆچی بە بێ ڕەزامەندی پارتی کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار دیاریکرد؟

ئێواره‌ى دوێنێ شه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلولی 2018، نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌سه‌ردانێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی له‌باره‌ى پرسی پۆستی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌تێ نوێی عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌دواى جێگری سه‌رۆكی پارتی بۆ به‌غدا، راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و نیگه‌رانیی خۆی له‌سه‌ردانه‌ تاكلایه‌نه‌كه‌ى به‌ بێ یه‌كێتی ده‌ربڕی، له‌كاتێكدا پێشتر به‌ وه‌فدی هاوبه‌ش سه‌ردانی به‌غدایان كردبوو.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure