مه‌رزى پشته‌ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و به‌فه‌رمیى ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 23/09/2018‌ :: 637‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى به‌مۆى سه‌ر به‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد، له‌سه‌ر داواى حكومه‌تى عێراق و دواى زیاتر له‌ سێ مانگ له‌ كاركردن بۆ فراوانكردنى مه‌رزى پشته‌ و كردنه‌وه‌ى چه‌ند فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك، له‌ ئێستادا سه‌رجه‌م كاره‌كان كۆتاییان پێهاتووه‌ و پێنج شه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌ستده‌كه‌ین به‌ گواستنه‌وه‌ى فه‌رمانگه‌كان له‌سه‌ر سه‌رته‌كه‌وه‌ بۆ مه‌رزى پشته‌.

عادل مه‌لا ساڵح، به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی به‌مۆ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر داواى حكومه‌تى عێراق كاركردن له‌ فراوانكردنى مه‌رزى پشته‌ و هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ى چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و فه‌رمانگه‌یه‌ك له‌ مه‌رزه‌كه‌دا ماوه‌ى سێ مانگه‌ ده‌ستپێكردووه‌، له‌ ئێستادا زۆربه‌ى كاره‌كانمان به‌ كۆتا گه‌یاندووه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌ كۆتایى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا و به‌دیاریكراوى ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ به‌روارى 27/9/2018 سه‌رجه‌مى ئه‌و فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا له‌ سه‌رته‌كن ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ گواستنه‌وه‌یان بۆ مه‌رزی پشته‌ و جموجوڵى بازرگانیش له‌و مه‌رزه‌دا به‌ ته‌واوه‌تى ئاسایى ده‌بێته‌وه‌.

به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی به‌مۆ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، فراوانكردنى مه‌رزه‌كه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى جموجوڵى بازرگانى به‌شێوه‌یه‌كى فراوانتر، هۆكارێكى باش ده‌بێت له‌ ڕووى دابینكردنى بژێوى و هه‌لى كار بۆ هاوڵاتیانى سنوره‌كه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure