هاوپەیمانی ده‌رباره‌ى بەشداریكردنی دەنگدەرانی لە هەڵبژاردندا بڕیاردەدات

هەواڵ / کوردستان :: 22/09/2018‌ :: 1796‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە رۆژانی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە دەنگدەرانی دەدات كە ئایا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن یان نا.


عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22ى ئه‌یلولى 2018 به‌ دواڕۆژى رایگەیاند: لە داهاتوودا هاوپەیمانی قسە لەسەر ئەوە دەكات كە دەنگدەرانى لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەشداربن یان بایكۆت بكەن.

سەبارەت بە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن له‌لایه‌ن چەند كاندیدێكیانه‌وه‌، گوڵپی وتی: "نزیكەی 85 كاندید پابەندی بڕیارەكەی هاوپەیمانی بوون بە بایكۆت، بەڵام لەڕووی یاساییەوە ناتوانین رێگری لە بانگەشەی كاندیدەكانی دیكە بگرین، بەڵام ئێمە بەرپرسیش نین لە دەرەنجامی دەنگەكانیان و ئەوان بەشێك نین لە پڕۆسەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی".

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی  و دادپەروەری كە پێشتر بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكرد، پێش دەستپێكردنی بانگەشە، بڕیاریدا بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن لەبەرئەوەی بەوتەی ئەوان "تۆماری دەنگدەران خاوێن نییە".

بڕیاره‌ له‌ 30ى ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure