ئه‌و كتێبانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى رووخاندنى تره‌مپ ده‌كه‌ن

هەواڵ / جیهان :: 22/09/2018‌ :: 253‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌و كتێبانه‌ى ئه‌مساڵ ده‌رباره‌ى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا چاپكراون، بوونه‌ته‌ جێى بایه‌خى میدیاى ئه‌مریكا و ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكایش. ته‌نانه‌ت به‌هۆى ناوه‌رۆكه‌كانیانه‌وه‌ كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ پرسیارى ئه‌وه‌ بكرێت: ئایا ئه‌م كتێبانه‌ ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى لابردنى تره‌مپ له‌ كۆشكى سپى-دا؟. 

لێره‌دا 8 كتێب له‌و كتێبانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو:


1- ترس: كتێبێكه‌ به‌و ناونیشانه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسى ئه‌مریكى بۆب وۆدۆردن-ه‌وه‌ نووسراوه‌، ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ى كه‌ دۆسیه‌ى وۆته‌ر گێت-ى ورووژاند و ریچارد نیكسۆن-ى سه‌رۆكى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردووى ئه‌مریكاى پێ لابرا.
ئه‌م كتێبه‌ ورده‌كاریى ترسناكى زۆر نهێنیى تێدایه‌ ده‌رباره‌ى تره‌مپ كه‌ چۆن بڕیاره‌كانى ده‌رده‌كات، به‌تایبه‌ت بڕیاره‌ گه‌وره‌كانى هه‌ردوو سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانى تره‌مپ به‌ راوێژكاره‌كانى ده‌وروبه‌ریه‌وه‌. ئه‌م (ترس) ئه‌وه‌نده‌ خواست و خوێنه‌رى هه‌بوو، هیچ چاپێكى له‌ بازاڕه‌كانى كتێبفرۆشیدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌.

2- شێته‌ڵوكه‌: كتێبى شێته‌ڵوكه‌، دووه‌م پڕفرۆشترین كتێبه‌ فرۆشراوه‌كانى مانگى رابردوو بووه‌ له‌ ئه‌مریكادا. ئه‌م كتێبه‌ له‌ نووسینى خاتوو ئۆمارۆسا نیومان یاریده‌ده‌رى پێشووى كۆشكى سپى-یه‌ و تێدا باس له‌ ئه‌زموونى یه‌ك ساڵ رابردووى خۆى ده‌كات له‌گه‌ڵ تره‌مپ-دا. ئه‌م ژنه‌ ده‌ڵێت "چه‌ندین جار به‌ چاوى خۆم بینیوومه‌ و به‌ گوێى خۆم بیستوومه‌ كه‌ تره‌مپ كه‌سێكى چه‌ند ره‌گه‌زپه‌رسته‌. كه‌سێكى راڕا و شپرزه‌یه‌. شێتى ژنانه‌ و حه‌زى له‌ ئاژاوه‌ و ململانێیه‌".

3- شه‌پۆلێكى بێ ئارام: كتێبێكى سیناتۆر جۆن مه‌ككه‌ین-ه‌ تێدا سه‌رسه‌زه‌نشتى زۆرى تره‌مپ ده‌كات و به‌ كه‌سێكى كه‌ته‌رخه‌م به‌رامبه‌ر پاراستنى به‌هاكانى ئه‌مریكا تۆمه‌تبارى ده‌كات و پێیوایه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ستایش و پێداهه‌ڵدانى ملهوڕه‌ سته‌مكاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ناوزڕاندنى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن و پشتگوێخستنى مافه‌كانى مرۆڤ و لێدانى په‌نابه‌ران. نووسیویه‌تى "ئه‌وه‌ى ستایشى بكات دۆست و هاوڕێیه‌تى و ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى لێ بگرێت دژ و دوژمنیه‌تى. قورس و زه‌حمه‌ته‌ پێشبینیى ئه‌وه‌ بكه‌یت كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ چى ده‌كات و چى ده‌وێت".

4- ئاگر و تووڕه‌یى: له‌لایه‌ن مایكڵ وۆڵف نووسه‌رى ئه‌مریكییه‌وه‌ نووسراوه‌ و باس له‌ ورده‌كارییه‌كانى ساڵى یه‌كه‌مى حوكمڕانیى تره‌مپ ده‌كات و یه‌كێكه‌ له‌ پڕفرۆشترین كتێبه‌كانى پێگه‌ى ئه‌مازۆن.

5- ئاشكراكردنى ته‌واو: ئه‌م كتێبه‌ كه‌ هێشتا ده‌رنه‌چووێنراوه‌، له‌لایه‌ن ستۆرمى دانیالز-ه‌وه‌ نووسراوه‌. دانیاڵز ژنه‌ ئه‌كته‌رێكى فیلمه‌ رووته‌كانه‌ و به‌وه‌ ناوبانگى ده‌ركردووه‌ كه‌ ساڵانێكى زۆر په‌یوه‌ندیى گوماناویى له‌گه‌ڵ تره‌مپ-دا هه‌بووه‌. دانیاڵز، له‌و كتێبه‌یدا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ناشه‌رعیه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ تره‌مپ ده‌كات.

6- ماڵى تره‌مپ و ماڵى پوتین: ئه‌م كتێبه‌ى كریج ئۆنجه‌ر یه‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ى گشتگیره‌ ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان دۆناڵد تره‌مپ و ڤلادیمێر پوتین و مافیاى روسى كه‌ چه‌ندین گرێى خایاندووه‌. وه‌ك باس ده‌كرێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ بوونه‌ته‌ هۆى سه‌ركه‌وتنى تره‌مپ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى ئه‌مریكادا. كتێبه‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رنجڕاكێش، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر مێژووى زیاتر له‌ بیست ساڵى په‌یوه‌ندیى نێوان روسیا و ئه‌مریكا. 

7- هه‌ڕه‌شه‌: ناونیشانى ته‌واوى كتێبه‌كه‌ "هه‌ڕه‌شه‌..چۆن له‌ سه‌رده‌مى تیرۆر و تره‌مپ-دا ئێف بى ئاى ئه‌مریكا ده‌پارێزێت"ه‌. ئه‌ندرۆ مكاپى نووسیویه‌تى كه‌ جێگرى پێشووى به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى لێكۆڵینه‌ فیدراڵییه‌كانى ئه‌مریكا بووه‌. هۆشداریى ده‌دات له‌ داڕووخانى ئاسایشى ئه‌مریكا به‌ده‌ست تره‌مپ-ه‌وه‌. مكاپى 22 ساڵ له‌و نووسینگه‌یه‌دا كارى كردووه‌ به‌و ماوه‌یه‌یشه‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كانى 11ى سێپته‌مبه‌رى 2011ى تێیدا روویداوه‌.

8- ژانان-ى تره‌مپ: ئه‌م كتێبه‌ خاتوو نینا پۆرلى نووسیوویه‌تى و هێشتا بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه‌. زانیاریى ته‌واوى تێدایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و 10 ژنه‌ى كه‌ ده‌ڵێن له‌لایه‌ن تره‌مپ-ه‌وه‌ ده‌ستدرێژى و گێچه‌ڵیان پێكراوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ژنانه‌ى تر كه‌ له‌ ژیانى تره‌مپ-دا هه‌بوون. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ زانیاریى ده‌رباره‌ى دایكى و هه‌رسێ هاوسه‌ره‌كه‌ى و خوشكه‌كانى و كچه‌كه‌ى و ئه‌و ژنانه‌ى كاریان له‌گه‌ڵدا كردووه‌.

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure