هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار دواده‌كه‌وێت

هەواڵ / کوردستان :: 22/09/2018‌ :: 2018‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
ئه‌گه‌رچى له‌ دواین دانیشتنى خۆیدا په‌رله‌مانى عێراق 25ى ئه‌م مانگه‌ى بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار دیاریكرد، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و پرسه‌ دواده‌كه‌وێت.


یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو 16ى ئه‌یلول له‌ كۆتایى دانیشتنى یه‌كه‌مى په‌رله‌ماندا، محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند: رۆژى سێشه‌ممه‌ 25ى ئه‌یلول هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ بەهۆی نەگەیشتنە رێكکەوتن لەنێوان پارتی دیموكراتى كوردستان و یەكێتی نیشتیمانى كوردستان لەسەر ته‌نیا كاندیدێك، هەڵبژاردن بۆ سەرۆك كۆمار ناكرێت و دواده‌خرێت.

لاى خۆیه‌وه‌ بەشیر خەلیل، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی راگەیاند: لە دانیشتنی رۆژی 25ی ئەیلول دوو خاڵ گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، یەكەمیان گفتوگۆكردنە لەسەر لیژنەكانی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لیژنەكە.

وتیشی: "خاڵی دووەم گفتوگۆكردنە لەسەر بارودۆخی پارێزگای بەسڕه‌ كە له‌ رابردوودا خۆپیشاندانی بەخۆیەوە بینی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری".

چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 19ى ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌رهه‌م ساڵح-ى وه‌ك كاندیدى حزبه‌كه‌ى بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق دیاریكرد.

هه‌مان رۆژ پارتى له‌سه‌ر زارى وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: ئه‌و پۆسته‌ به‌ ئیستیحقاقى خۆیان ده‌زانن و ئه‌وانیش كاندیدیان بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار ده‌بێت.

نزیكه‌ى چوار مانگ پاش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 12ى ئایارى رابردووى په‌رله‌مانى عێراق، هه‌نگاوه‌كان بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ ده‌ستیپێكردووه‌ و له‌و چوارچێوه‌یشه‌دا وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا.

ئه‌ركى راسپاردنى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێش، كه‌ له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌ دیاریده‌كرێت، به‌پێى ده‌ستور له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ ده‌بێت كه‌ پشكى كورده‌ و تائێستا ناكۆكى لایه‌نه‌ كوردییه‌كانى له‌سه‌ره‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure