بۆ رێگریكردن له‌ ساخته‌كارى كۆمسیۆن رێوشوێنێكى نوێ ده‌گرێته‌به‌ر

هەواڵ / کوردستان :: 22/09/2018‌ :: 785‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
بڕیارده‌رى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌مه‌به‌ستى رێگریكردن له‌ ساخته‌كاریى كۆمسیۆن کۆپییه‌كى تۆماری دەنگدەران ده‌داته‌ بریكارى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و له‌ رۆژانى داهاتووشدا تۆمارى ده‌نگده‌ران له‌ بنكه‌كانى ده‌نگدان هه‌ڵده‌واسرێت.


ئیسماعیل خورماڵى، بڕیارده‌رى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسى هه‌رێم به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: بەم نزیکانە کۆمسیۆن ناوی هەر بنکەیەکی دەنگدان بەدیواری بنکەکانی دەنگداندا هەڵدەواسێت، ئەگەر تۆماره‌كه‌ ناوی کەسێکی مردوی تێدایەو هه‌ركه‌سێك دەیناسێت، یان کەسێک لەهەندەرانەو نایەتەوە بۆ دەنگدان، یان هەر ناوێکی تری لەو شێوەیە، بریكارى لایه‌نه‌كان و هاوڵاتیان ده‌توانن لای خۆیان بینوسن و تۆمارى بكه‌ن و كۆمسیۆنى لێئاگاداربكه‌نه‌وه‌".

رونیشیکردەوە: "دواى نوسین و تۆماركردنى ئه‌و ناوانه‌ ده‌توانرێت رۆژی دەنگدان بەزوویی فەرمانبەرانی کۆمسیۆن و چاودێر و بریکارانی قەوارەی سیاسی لێ ئاگادار بکەنه‌وە تا ئاگاداری ئەو ناوانەبن و رێگه‌یان لێبگرن".

بڕیارده‌رى كۆمسیۆن، ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، لەم هەڵبژاردنەدا دوو کۆپی تۆماری دەنگدەران هەیە یەکێکیان لای بریکارەکانە تا لای خۆیان دیاری بکەن و ئەگەر کەسێکی گوماناوی هات لێی ئاگادار بن و رێگری لێ بکەن.

خورماڵی وتیشى: "پێدانى تۆمارى ده‌نگده‌ران به‌بریكارى لایه‌نه‌كان یەکێکە لەو رێگا باوانەی کە رێگری له‌ ساختەکاری پێدەکرێت و ئامادەکاری بۆ کراوە".

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure