جه‌له‌ولا؛ عه‌ره‌به‌كان موڵكى گشتى داگیر ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 21/09/2018‌ :: 736‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
به‌رپرسێكى كورد رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ دواى كشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ جه‌له‌ولا، عه‌ره‌به‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌ زیاده‌ڕۆییه‌كى به‌رچاو و لایه‌نى په‌یوه‌ندیداریش هیچ رۆڵێكیان نییه‌ بۆ رێگرى.

 
خه‌لیل خوداداد، به‌رپرسى كۆمیته‌ى یه‌كێتى له‌ جه‌له‌ولا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵى رابردوودا له‌ سنوورى جه‌له‌ولا له‌لایه‌ن هاووڵاتیانى عه‌ره‌به‌وه‌ به‌ سه‌دان خانوو و دوكان و شوێنى كاركردن به‌ شێوه‌ى زیاده‌ڕۆ دروستكراون".

وتیشى: "زیاده‌ڕۆیى بۆ سه‌ر موڵكى گشتى به‌ جۆرێكه‌ له‌ هه‌ندێ گه‌ڕه‌ك سه‌ر شۆسته‌كان داگیركراون و كراون به‌ دوكان و شوێنكار و لایه‌نى په‌یوه‌ندیداریش هیچ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوێكى له‌وباره‌یه‌وه‌ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگرى لێبكه‌ن و زیاده‌ڕۆیى بۆ سه‌ر موڵكى گشتى به‌رده‌وامى هه‌یه‌". 

ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، پێشتر ناوچه‌كه‌ كه‌ به‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌ و ده‌سه‌ڵاتى كوردییه‌وه‌ بووه‌، ڕێگه‌یان به‌زیاده‌ڕۆیه‌كى ئه‌وتۆ و هه‌ر كارێكى نایاسایی نه‌داوه‌ بۆ سه‌ر موڵكى گشتى، به‌ڵام ئێستا به‌ پشتگیرى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى ناوچه‌كه‌ به‌ ته‌واوى سیماى ناشارستانى پێوه‌دیاره‌و عه‌ره‌به‌كان به‌ ئاره‌زووى خۆیان ده‌ستدرێژى ده‌كه‌نه‌ سه‌ر موڵكى گشتى. 
 
عومه‌ر ئه‌حمه‌د، هاووڵاتییه‌كى خه‌ڵكى جه‌له‌ولا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، بارودۆخى جه‌له‌ولا تا دێت رووه‌ و خراپتر ده‌چێت به‌ تایبه‌تى له‌ڕووى زیاده‌ڕۆوه‌ و ئێستا زیاده‌ڕۆ له‌ جه‌له‌ولا بوه‌ته‌ دیارده‌". 

ئه‌و هاووڵاتیه‌ كه‌ قوتابی ماسته‌ره‌ له‌ یاسا راشیگه‌یاند، هه‌موو كاره‌ نایاساییه‌كانى سنووره‌كه‌ به‌ پشتگیرى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى حه‌شد ده‌كرێن و لایه‌نى حكومیش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه‌ و ناتوانن فه‌رمان و كاره‌كانى ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ ڕابگرن، چونكه‌ ڕێگرى لێكردنیان ده‌بێته‌ هۆى مه‌ترسى بۆ ژیانیان. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure