به‌رپرسانى كورد له‌ به‌غدا خانه‌قین پشتگوێ ده‌خه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 21/09/2018‌ :: 236‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
به‌رپرسێكى كورد له‌ خانه‌قین رایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌ره‌ڕاى خراپى بارودۆخى ئه‌منى و كێشه‌ و گرفته‌كان له‌ خانه‌قین و گه‌یاندنیان به‌ لایه‌نه‌ په‌یوندیداره‌كان، به‌ڵام هیچ به‌رپرسێكى كورد له‌ به‌غدا، له‌ خه‌مى خانه‌قیندا نین . 


هۆشیار ئیمساعیل، ئه‌ندامى كورد له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كێشه‌و گرفتێكى زۆر له‌ خانه‌قین و ناحیه‌كانى هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تى له‌ڕووى ئه‌منییه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ لایه‌نێكى كوردى نه‌ سه‌رۆك كۆمار، نه‌ وه‌زیر، نه‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانى دیكه‌، نه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ سه‌ردانى خانه‌قینیان نه‌كردووه‌ یان ئاوڕیان له‌ كێشه‌و گرفته‌كانى ئه‌م سنووره‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌. 

وتیشى: "دابڕانێكى گه‌وره‌ى له‌ نێوان ئیداره‌ى خانه‌قین و به‌رپرسانى كورد له‌ به‌غدا دروست بوو، هه‌ربۆیه‌ زۆرجار گرفته‌كان چاره‌سه‌ر ناكرێن و وه‌كو خۆیان ده‌مێننه‌وه‌". 

 ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ وتیشى : "زۆر كێشه‌و گرفت له‌ دیاله‌ چاره‌سه‌رناكرێن و په‌یوه‌ندى به‌ به‌غداوه‌ هه‌یه‌، كاتێك نوسراو ئاڕاسته‌ى به‌غدا ده‌كه‌ین هه‌موو وه‌ڵامه‌كان دژى خواسته‌كانى كورد دێته‌وه‌ و به‌ نه‌خێر وه‌ڵامى زۆربه‌ى داواكارییانیان ده‌درێنه‌وه‌. 

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ بێده‌نگى كورد له‌ به‌غدا وایكردووه‌ به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ داواكارییه‌كان كورد پشتگوێ بخرێن. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure