سلێمانى: باوكێك دوو منداڵی خۆى فڕێده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 20/09/2018‌ :: 3377‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پۆلیسى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ گه‌ڕه‌كى راپه‌ڕین باوكێك دوو منداڵى خۆى به‌ لێدان فڕێداوه‌ته‌سه‌ر جاده‌ و پاش رووداوه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌ ده‌شڵێت، له‌ هه‌مان گه‌ڕه‌ك چەند كەسێك هەڵیانكوتاوه‌ته‌سه‌ر سۆپەرماركێتێك و دەستڕێژی گولـلەیان كردووه‌.


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى سلێمانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20ى ئه‌یلولى 2018 له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد: لە گەڕەكی راپەڕین كاتژمێر 3ى شه‌وى رابردوو باوكێك دوو منداڵی خۆی بە لێدان و ئەشكەنجە فڕێداوه‌ته‌سه‌ر جادە.

راشیگه‌یاند: ده‌ستبه‌جێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی روداوەكە و توانرا تۆمەتبار (باوكی منداڵەكان) بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 7ی خێزانی دەستگیربكرێت.

ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌: منداڵەكانیش بۆ خانەی چاودێری مێردمنداڵان گواستراونەتەوە.

هه‌ر شه‌وى رابردوو لە گەڕەكی راپەڕین چەند كەسێك هەڵیانكوتاوه‌ته‌سه‌ر سۆپەرماركێتێك و دەستڕێژی گولـلەیان كردووه‌ و بەو هۆیەوە كەسێك برینداربووه‌.

پۆلیسى سلێمانى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: دوای گەیشتنی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین بە هاوكاری بەشی پۆلیسی فریاكەوتن توانرا لە ماوەیەكی كەمدا حه‌وت تۆمەتباری روداوەكە بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەكانی (405-31 و 477 ) دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر كڵاشینكۆفێك و چەند گولەیەكدا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە