یونسێف: لە هەر پێنج چرکەیەکدا منداڵێک گیان له‌ده‌ستده‌دات

هەواڵ / جیهان :: 18/09/2018‌ :: 805‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات، نزیکەی 6.3 ملیۆن منداڵ پێش گەیشتن بە تەمەنی 15 ساڵی گیانیان لەدەستداوە، واتە بەڕێژەی منداڵێک لە هەر پێنج چرکەیەکدا. ئەوەش بەهۆی کەمی ئاوی خاوێن و خواردن و نەبونی چاودێری تەندروستییەوە.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، 5.4 حاڵەت لەو مردنانە، منداڵی تەمەن خوار پێنج ساڵ بووەو نیوەی ئەو رێژەیەش کۆرپەلەی تازە لەدایکبووە.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری لۆرانس چاندی یەکێک لەشارەزاکانی رێکخراوی یونسێفەوە بڵاویکردۆتەوە: "بەچارەسەری ئاسان وەکو دابینکردنی دەرمان و ئاوی خاوێن و کارەبا، دەتوانرێت ئەو رێژەیە زۆر کەمبکرێتەوە. بەڵام 56 ملیۆن منداڵ کە تەمەنیان لەخوار پێنج ساڵەوەیە و نیوەیان تازە لەدایکبوون، تا ساڵی 2030 ئەوانیش دەمرن ئەگەر چارەسەرێکی خێرا نەدۆزرێتەوە".

بەپێی راپۆرتەکە، نیوەی ئەو منداڵانەی خوار تەمەن پێنج ساڵن و لە ساڵی 2017-دا مردون، لە وڵاتانی ئەفریقا بوون و لەوێ لەنێو هەر 13 منداڵێکدا، منداڵێک پێش تەمەنی 15 ساڵی گیان لەدەستدەدات، یونسێف ئەوەشی خستۆتەڕوو کە ئەو رێژەیە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان گەیشتۆتە یەک منداڵ لە هەر 185 منداڵێکدا.

یونسێف ئەوەشی خستۆتەڕوو، مەترسیدارترین کات بۆ منداڵ، مانگی یەکەمی لەدایکبوونیانە، بەجۆرێک لە ساڵی 2017-دا 2.5 ملیۆن منداڵی تازە لەدایکبوو کە لەمانگی یەکەمیاندا بوون گیانیان لەدەستداوە و زۆرینەیان لەدایکبووی ئەفریقا و باشوری ئاسیا بوون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure