پارتی: ئیدارەی سلێمانی له‌ بانگه‌شه‌دا هاوكارمان نین

هەواڵ / کوردستان :: 18/09/2018‌ :: 622‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پارتی گلەیی لە ئیدارەی سلێمانی دەكەن كە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هاوكاریان نین، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت: "هەر كەسێك گلەیی یان پێشنیاز و تێبینی هەیە پێش ئەوەی لە میدیاكان باسی بكات، بە ئیدارەی خۆجێی سلێمانی بڵێت".


عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە بە دواڕۆژی راگەیاند: پۆستەری كاندیدانمان لەسەر شەقامەكان لێكراونەتەوە و سوتێنراون و دڕێندراون، لەوەش زیاتر "ئیدارەی سلێمانی هاوكارنییە" بۆ باشبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن.

وتیشی: "كاتێك ئێمە كۆبوونەوەی جەماوەریمان لە ئیدارەی سلێمانی دەبێت ئەوان زۆر هاوكارنین، بۆ نموونە رۆژی دووشەممە لە هۆڵی بۆنەكانی شارەزوور كۆبوونەوەمان هەبووە كارەبای هۆڵەكەیان كوژاندۆتەوە كە ئەوەش جۆرێكە لەپێشێلكاری".

وتەبێژی پارتی لە سلێمانی داواشيكرد بە یەك چاو سەیری لایەنەكان بكرێت و پێداویستییەكانی بانگەشە بۆ هەموو لایەك بێ جیاوازی دابینبكات.

لەوەڵامی وتەکانی وتەبێژی پارتی، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رەتیكردەوە جیاوازییان لە نێوان لایەنەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن كردبێت.

وتيشى: "هاوكاری هەموو لایەكین و بەشاهیدی هەموو لایەكیش ئیدارەی خۆجێیمان بێلایەن كردووە، هەر كەسێكیش گلەیی یان پێشنیاز و تێبینی هەیە پێش ئەوەی لە میدیاكان باسی بكات، بەئیدارەی خۆجێی سلێمانی بڵێت، ئەگەر باشتر لە لایەنە سیاسییەكانی دیكە بەدەمیانەوە نەچووین ئەو كاتە مافی گلەییكردنیان هەیە". 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure