بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە هۆشداریدەدات

هەواڵ / کوردستانی :: 18/09/2018‌ :: 657‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم،  لەڕونكردنەوەیەكدا هۆشداریدەدات لەسەر كاری چەند كۆمپانیایەك كە ما‌وەی چەند رۆژێكە ریكلامی ناردنی عومرەكاران دەدەن بۆ سعودییە بەڕێگەی وشكانی.


ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە: "ما‌وەی چەند رۆژێكە لەلایەن هەندێك كۆمپانیای حەج و عومرەوە ریكلامی ئەوە دەكرێت كە گوایە هەڵدەستن بە گواستنەوەی عومرەكاران بۆ عەرەبستانی سعودییە بەرێگەی وشكانی".

دەشڵێن: "ئاگاداری هاوڵاتیان دەکەینەوە كە تاوەكو رێنمایی فەرمیمان لەلایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقییەوە پێ نەگات سەبارەت بە چوونی هاوڵاتیان بۆ عومرە بەڕێگەی وشكانی و بە پاس، رێگە بەهیچ كۆمپانیایەك نادرێت ئەو کارە بکات".

ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەوان بەرپرس نین لە بوونی هەر كێشە و گرفتێك بێتە بەردەم هاوڵاتیان و هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە ریكلامیان كردووە بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، چونكە ئەمە پێچەوانەی رێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەیە.

لەڕونکردنەوەکەدا داواش لە كۆمپانیاكان دەکەن کە پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بكەن بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان، بە پێچەوانە هەر كۆمپانیایەك بەدەر لە رێنماییەكان عومرەكاران بگوازێتەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure