بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ئاڵوگۆڕى پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ دواده‌خات

هەواڵ / کوردستانی :: 20/09/2018‌ :: 95‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
بڕیاربوو هه‌فته‌ى رابردوو گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجەدا بکرێت، به‌ڵام به‌هۆى سه‌رقاڵبوونى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بۆ دواى هه‌ڵبژادرنه‌كانى 30ی ئەیلول دواده‌كه‌وێت.


ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌رى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى 9ى شاره‌زورى یه‌كێتى نشتیمانى كوردستان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌ گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ ئێمه‌ له‌ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتییەوه‌ پێماندراوه‌ و له‌گه‌ڵ سكرتێرى قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت قسه‌مان كردووه‌، هه‌موو كاروباره‌كانى تایبه‌ت به‌ ئاڵوگۆڕى پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واوبووه‌ و تەنیا ئه‌وه‌ى ماوه‌ نێچیرڤان بارزانى فه‌رمانەكه‌ واژۆبكات و دواتر ئازاد تۆفیق سوێندى یاسایى بخوات.

وتیشی: "به‌هۆى سه‌رقاڵبوونى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ دواكه‌وت كه‌ ده‌بوو له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ پارێزگارى نوێى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستبه‌كار ببوایه‌، بۆیه‌ تا دواى كۆتاییهاتن به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن، ئاڵوگۆڕ له‌ پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامنادرێت".

 ئازاد تۆفیق، كاندیدى یه‌كێتى نشتیمانى كوردستان بۆ وه‌رگرتنى پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دواى كۆتایىهاتن به‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاڵوگۆڕ له‌ پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ بکرێت، چونكه‌ هه‌موو كاروباره‌ حزبى و ئیدارییه‌كانى به‌ كۆتا گه‌یشتوون، چاوه‌ڕێى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌كه‌م بانگهێشتم بكات بۆ ئه‌وه‌ى سوێندى یاسایى بخۆم.

به‌ گوێره‌ى ڕێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتى نشتیمانى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌ كاتى وه‌رگرتنى پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ فه‌رمى له‌ لایه‌ن یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانه‌وه‌، پۆستى قایمقامى ناوه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌درێته‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure