پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كانى هه‌رێم داناخرێن

هەواڵ / ئابوری :: 18/09/2018‌ :: 460‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت-هۆگر كه‌مال
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ماوه‌ى زیاتر له‌ مانگ و نیوێكه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم داواى داخستنى پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كانى كردووه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و فه‌رمانه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، پارێزگارى سلێمانیش ده‌ڵێت: ده‌بێت وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان بۆمان رونبكاته‌وه‌ كام پاڵاوگانه‌ نایاساین.


داواكارییه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ نوسراوێكدا له‌ به‌روارى 5ى ئابى ئه‌مساڵه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى پارێزگاكانى هه‌رێم كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و دامه‌زراوانه‌ ده‌ڵێن چاوه‌ڕوانى رێنمایین.

سه‌باره‌ت به‌ بڕیارى داخستنى پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان له‌ سنورى پارێزگاكه‌یان هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى به‌ دواڕۆژى وت: "ئێمه‌ رێوشوێنى پێویستمان گرتۆته‌به‌ر و لیژنه‌ى هاوبه‌شمان پێكهێناوه‌، به‌ڵام پێویستى به‌ رێنمایى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان هه‌یه‌".
 
وتیشى: "سێ لیست هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پاڵاوگانه‌، یه‌كێكیان لیسته‌ ره‌سمیه‌كانن و یه‌كێكى دیكه‌شیان ئه‌و پاڵاوگانه‌ن كه‌ پشكنینیان بۆ كراوه‌، ئه‌وه‌ى تریشیان ئه‌و پاڵاوگانه‌ن كه‌ به‌ده‌رن له‌ دوو لیسته‌كه‌ى دیكه‌، پێویسته‌ ئه‌و پۆلێنكارییه‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاڕاسته‌ى پارێزگاكانى بكات، بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بتوانین لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌شیان هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و پاڵاوگانه‌ خۆیان ناویان نایاساییه‌ ناتوانین ژماره‌یان دیارى بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌یمان دیاریكرد، كه‌واته‌ كه‌شفى بۆكراوه‌ و یاساییه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانمان له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى 28 پاڵاوگه‌ هه‌بوون، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى كوردستان زۆر له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر هه‌یه‌ و له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ و زیادبووندایه‌".

له‌ هه‌رێمى كوردستان سێ پاڵاوگه‌ى ره‌سمى هه‌یه‌ به‌ ناوه‌كانى (قه‌یوان، كار، كات)، ئه‌وانى دیكه‌ چوونه‌ته‌ پۆلێنى نایاساییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌ت پشكنینى بۆ هه‌ندێكیان كردووه‌ و كارى خۆیان ده‌كه‌ن.

پارێزگارى سلێمانى، جه‌ختیشى كرده‌وه‌: "ئێمه‌ به‌رده‌وام چاودێرى پاڵاوگه‌كان ده‌كه‌ین و ناهێڵین كوالێتى خراپ له‌و شوێنانه‌وه‌ بێته‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڵام پاڵاوگه‌كان سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانن و له‌ ده‌سه‌ڵاتى پارێزگاكان نیه‌".

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، رونیشیكرده‌وه‌: "ئێمه‌ فه‌رمانه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت بۆمان دیارى بكه‌ن كام پاڵاوگه‌یه‌ دابخه‌ین، چونكه‌ به‌شێك له‌ پاڵاوگه‌كان پشكنینیان بۆ كراوه‌ و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌م قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ داخستنیان نیه‌، ئێمه‌ نازانین ئه‌و پاڵاوگانه‌ كامانه‌ن وه‌زاره‌ت ده‌زانێت و ده‌بێت بۆمان ده‌ستنیشان بكات، له‌ فه‌رمانه‌كه‌ش دیارى نه‌كراوه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: داوامان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى نه‌وت و كانزاكانى سلێمانى كردووه‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى خۆیان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى لیستى ئه‌و پاڵاوگانه‌مان پێشكه‌ش بكه‌ن كه‌ نایاساین و ئێمه‌ش كارى له‌سه‌ر بكه‌ین.

محه‌مه‌د حه‌سیب، به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌وت و كانزاكانى سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت: "ئه‌نجومه‌نى نه‌وت و گاز بڕیاریداوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان نه‌كرێت، به‌ڵام ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ مۆڵه‌تیان هه‌یه‌، پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان مۆڵه‌تیان نیه‌ و هیچ دۆسیه‌یه‌كیان لاى ئێمه‌ نیه‌".

وتیشى: "ئه‌گه‌ر له‌ رابردوودا 20 پاڵاوگه‌ى نایاسایى هه‌بووبێت ئێستا پێنج دانه‌ یان كه‌متر ماون و خۆیان زۆربه‌یان كارناكه‌ن".

به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌وت و كانزاكانى سلێمانى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو:  "ئه‌و فه‌رمانه‌ بۆ ئێمه‌ش هاتووه‌، كه‌ ده‌بێت پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان دابخرێن، به‌ڵام ده‌زگاى جێبه‌جێكردن ده‌بێت فه‌رمانه‌كه‌ جێبه‌جێ بكات، كه‌ بریتین له‌ پارێزگا و قایمقامیه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان".

باسى له‌وه‌شكرد: "به‌ڵام تائێستا لیژنه‌ش پێكنه‌هێنراوه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure