وه‌زاره‌تی بازرگانی ره‌خنه‌ له‌ لیژنه‌كانی قایمقامیه‌تى پارێزگاكان ده‌گرێت

هەواڵ / ئابوری :: 18/09/2018‌ :: 761‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: لیژنه‌كانی قایمقامیه‌تی پارێزگاكان نه‌یانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوی كێشه‌ی فرۆشتنی گۆشت و خواردنه‌ شله‌مه‌نییه‌كان له‌سه‌ر شه‌قام و سه‌ر شۆسته‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن. 

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی هه‌رێم له‌ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و بازرگانی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بارزگانییه‌كان له‌ پارێزگاكان بڕیاریانداوه‌ راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی گۆشتی سوور له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئه‌و خواردنانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دوكان و ماركێته‌كان خۆریان لێده‌دات بكه‌ن.

وتیشی: "پێشتر ئه‌م كاره‌ له‌سه‌ر ئه‌ستۆی لیژنه‌كانی قایمقامی پارێزگاكان بوو، به‌ڵام ئه‌وان شكستیان هێناوه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ ته‌واو بنه‌بڕی ئه‌و دیارده‌یه‌ بكه‌ن".
 
 نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: بڕیاری دانانی لیژنه‌كانی چاودێری بازرگانی دراوه‌ و ته‌نیا ماوه‌ له‌ پارێزگاكان ده‌ستبه‌كاربن بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی گۆشت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و رێگه‌ش نادرێت هیچ دوكان و ماركێتێك و شوێنێكی بازرگانی خواردنه‌ شله‌مه‌نییه‌كان له‌به‌رده‌م دوكانه‌كان دابنێت، چونكه‌ ئه‌و ماددانه‌ خۆری به‌ر بكه‌وێت زوو تێكده‌چێت و ژه‌هراوی ده‌بێت. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure