دواڕۆژ ورده‌كارى كه‌مكردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 18/09/2018‌ :: 1616‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رایده‌گه‌یه‌نێت: ژماره‌ى وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ 19 وه‌زاره‌ته‌وه‌ بۆ 11 وه‌زاره‌ت كه‌مده‌كرێته‌وه‌، به‌مه‌ش ئه‌ركى دارایى حكومه‌ت سووك ده‌بێت، ده‌شڵێت: "له‌ جیاتی لیژنه‌ و ده‌سته‌کان که‌ خه‌رجی زۆری تێده‌چێت، سیسته‌می ئه‌نجوومه‌نه‌کان کاراده‌کرێن که‌ بڕیاری ستراتیژی ده‌ده‌ن".

له‌باره‌ى چاكسازییه‌كان و سیسته‌مى كاركردنى حكومه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان، ئەنستیتۆى توێژینه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانى كوردستان له‌هه‌ولێر  سمینارێكى بۆ نێچیرڤان ئه‌حمه‌د، سەرۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌نجامدا.

له‌باره‌ى سمیناره‌كه‌، ئه‌نسیتیۆى توێژینه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان رایگه‌یاندووه‌: له‌ ساڵی ٢٠١٣ه‌وه‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی چاکسازی له‌‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌ستیپێکردووه‌، که‌ بریتی بووه‌ له‌ ده‌ستکاریکردنی په‌یکه‌ری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ئه‌مه‌ش له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی چاکسازی کارگێڕی به‌بێ گۆڕینی په‌یکه‌ری بیرۆکراسی قورس نابێت، ئه‌م ئامانجه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی باش له‌گۆڕینی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، به‌وشێوه‌یه‌ش ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی روونکرده‌وه‌ که‌ له‌باری په‌یکه‌ری حکومه‌تدا و په‌یوه‌ندیی دامه‌زراوه‌کان هاتۆته‌کایه‌وه‌.

له‌به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا، سه‌رۆکی دیوان رۆڵ و پێگه‌ی فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌ نوێیه‌کانی روونکرده‌وه‌ و باسیشی له‌و فه‌رمانگه‌ ناکارایانه‌ کرد که‌ چیدی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پشتیان پێنابه‌ستێت، هه‌روه‌ها باسی له‌ په‌یڕه‌وی نوێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کرد، که‌ وردتر هه‌ماهه‌نگی ده‌سازێنیت و باشتر رۆڵی حکومه‌ت به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌بات و کارئاسانی زیاتر له‌نێوان حکومه‌ت و ده‌زگاکانیدا ده‌کات.

له‌ ته‌وه‌ره‌ی دووه‌می چاکسازییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمدا، سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رایگه‌یاندووه‌: پێشخستنی باری ژمێریاری و به‌ڕێوه‌بردنی باج و سامانه‌ داراییه‌کان و سیسته‌می بانکی و دڵنیایی و پێکهێنانی قه‌رزی حکومی، به‌شێکن له‌و لایه‌نه‌ داراییانه‌ی چاکسازییان تێداده‌کرێت، که‌ تێیدا له‌ جیاتی لیژنه‌ و ده‌سته‌کان که‌ خه‌رجی زۆری تێده‌چێت، سیسته‌می ئه‌نجوومه‌نه‌کان کاراده‌کرێن که‌ بڕیاری ستراتیژی ده‌ده‌ن.

سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رونیشكردۆته‌وه‌: خزمه‌تی جۆراوجۆر و بونیادنانی توانا و یه‌کسانی و هاوسه‌نگی و درووستکردنی سیسته‌می ته‌کنه‌لۆژیای زانیاری ئامانجی ئێستای حکومه‌تن، جگه‌ له‌ چاککردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌کان که‌ چوار بواری وه‌کو: نه‌هێشتنی فه‌رمانگه‌ی ناپێویست و یه‌کخستنی فه‌رمانگه‌ و گۆڕینی په‌یوه‌ندی فه‌رمانگه‌کان و نوێکردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌کان ده‌گرێته‌وه‌.

 وتیشى :هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ کاری له‌پێشینه‌ی هه‌ر وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یه‌ک، که‌ ده‌بێت بۆ سوودی گشتی و بایه‌خی کرده‌یی و نه‌هێشتنی ڕۆتین و سیسته‌می هاندان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رهه‌مهێنان و پشتبه‌ستن به‌ ستانداردی هاوچه‌رخ و پێشخستنی وه‌زاره‌ته‌کان و گۆڕانی دیموکراسی و ناناوه‌ندێتی له‌ کارگێڕیدا و چاکسازیی له‌ یاسا و ڕێنماییه‌کانیشدا بگرێته‌وه‌.

له‌كۆتایى قسه‌کانیدا، سه‌رۆکی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ده‌ڵێت: "وه‌زاره‌ته‌کانی حکومه‌ت له‌ ١٩ وه‌زاره‌ته‌وه‌ بۆ ١١ وه‌زاره‌ت که‌مبکرێنه‌وه‌، به‌مه‌ش ئیداره‌دان خێراتر ده‌بێت و ئه‌رکی دارایی سه‌ر شانی حکومه‌تیش که‌متر ده‌بێته‌وه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure