سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان 13 ده‌ستگیركراوی خۆپیشاندانه‌كانی ئازادكرد

هەواڵ / عێراق :: 18/09/2018‌ :: 140‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان سه‌ردانی پارێزگای به‌سڕه‌یان كرد، په‌رله‌مانتارێكی عێراقی رایده‌گه‌یه‌نێت: نووسینگه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان 13 ده‌ستگیركراوی خۆپیشاندانه‌كانی به‌سڕه‌یان ئازادكردووە.

محه‌مه‌د كه‌ربوولی په‌رله‌مانتار و سه‌رۆكی حزبی حه‌ل، له‌ تویتێكدا ده‌ڵێت: "به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فه‌رمانده‌ی پۆلیسی به‌سره‌ و سه‌رۆكی دادگای پیاچوونه‌وه‌ی به‌سڕه‌، توانرا 13 ده‌ستگیركراوی خۆپیشاندانه‌كان ئازاد بكرێت".

هاوكات بەپێی تویتەكە: هه‌موو لایه‌ك جه‌ختیشیان كردووەته‌وه‌ له‌سه‌ر خێراكردنی ئازادكردنی سه‌رجه‌م ده‌ستگیركراوه‌كانی تر، له‌ هه‌لومه‌رجی ته‌واوبوونی رێوشوێنه‌ پێویسته‌كان.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق، هه‌روه‌ها شاندێكی فراوانی په‌رله‌مانیی و حكومی به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ پارێزگای به‌سڕه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و چین و توێژه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌دا كۆبووه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure